كار بۆ هێڵە گشتییەكانی ستراتیژیەتی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عیراق دەكرێت

20/07/2019 عێراق
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت: "تائێستا كاری جدی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی عیراق نەكراوەو ئەوەی كاری بۆ كراوە هێڵە گشتییەكانی ستراتیجیەتی بودجەیە بۆ ساڵەكانی "2020، 2021، 2022"ی عیراق كە گرنگی بە چ بوارێك دەدرێت". 
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرادیۆ نەوای راگەیاند، لە رۆژانی رابردوو كە كار لەسەر بودجە كراوە ئامادەكاری بووە بۆ هێڵە گشتییەكانی ستراتیجیەتی بودجە، بۆ سێ ساڵ واتە تاوەكو ساڵی 2022 ئەوەش تاوەكو بزانرێت ئەوەی بوارەی گرنگی پێدەدرێت لە داهاتوو چی دەبێت (تەندروستییە، پەروەردەیە ....) یاخود چ بوارێكی كە ئەوەش ستراتیجیەتی بودجەیە نەك یاسای بودجەی عیراق.
وتیشی: "بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2020 تاوەكو ئێستا بەجدی كاری لەسەر نەكراوەو نەگەیشتووەتە ئەوەی حكومەتی هەرێم و لایەنەكان بەفەرمی بەشداری تێدا بكەن".
سەبارەت بەكاری داهاتووی حكومەتی عیراق، ئایا گرنگی تەنها بەنەوت دەدرێت وەك سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عیراق لە داهاتوو یاخود گرنگی بە بوارەكانی گەشتیاری و بوارەكانی دیكەش دەدرێت؟، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: "كێشەكە ئەوەی بەشێكی زۆری داهاتی عیراق لەسەر نەوتەو بەشی زۆری بودجەش بۆ مووچە دەڕوات، بەوهۆیەوە چاوەڕوان ناكرێت گۆڕانكاری وا گەورە لە عیراق روبدات بەئاسانی و گرنگی بە سەرچاوەی دیكە بدرێت بۆ دەستكەوتنی داهات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group