پاكستان داوای كۆبوونەوەیەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات

14/08/2019 جیهان

نەوا
پاكستان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد گفتوگۆ بكەن لەسەر بڕیارەكەی هیندستان سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕەوشی تایبەت بۆ هەردوو هەرێمی جامو و كشمیری كێشە لەسەر.
بڕیارەكەی هیندستان مافی دانانی یاسای تایبەت بۆ هەرێمەكان ‌هەڵدەوەشێنێتەوە كە خەڵكی دەرەوە هەمیشە توانیویانە موڵك لەوێ بكڕن.
لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە، كە ئەو بڕیارە دراوە بەرپرسانی هیندستان پەیوەندییە تەلەفونییەكان و ئینتەرنێت و پەخشی تەلەفیزیۆنیان لەناوچەكەدا بڕیوە، هەروەها كۆتوبەندیان خستۆتە سەر گواستنەوە و گردبوونەوەكانیش.
لایخۆیەوە شا مەسعود قوڕەیشی وەزیری دەرەوەی پاكستان لەوتارێكیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند "پاكستان شتێك ناكات كە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ، بەڵام هیندستان دەبێت ئەوە بزانێت دان بەخۆداگرتنی ئێمە بێهێزی نیە".
وەزیری دەرەوەی پاكستان وتیشی "ئەگەر هیندستان جارێكی دیكە بڕیاربدات پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز بەرێت ئەوا پاكستان ناچار دەبێت وەكو بەرگریكردن لەخۆی بەهەموو تواناكانیەوە وەڵامدەداتەوە.
شا مەسعود ئاماژەی بەوەشكرد "پاكستان داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك دەكات بەپێی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی كە لەناوچەكەدا لەئارادان.
بەرای چاودێرانی سیاسی ڕوون نیە وەڵامدانەوەی ئەنجومەنەكە چۆندەبێت بۆ داواكە، یاخود پێویست بكات یەكێك لەو وڵاتانەی كە بەهەمیشەیی ئەندامن لە ئەنجومەنەكە پێشتر داوایەكی فەرمی بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group