رۆژهەڵاتی كوردستان: لەسەرەتای ئەمساڵەوە 165 كەس خۆیان كوشتووە

14/08/2019

نەوا
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ، 165 هاوڵاتی كورد لەشارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆكاری جیاواز خۆیان كوشتووە.
لەوبارەیەوە رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەراپۆرتێكی رێكخراوەكەدا بڵاویكردووەتەوە، لەماوەی 8 مانگ و 14 رۆژی رابردوودا، لانیكەم 165 هاووڵاتی كورد لەشارەكانی كوردستان خۆیان كوشتووە كە 40 حاڵەتیان زیاتر لە 24٪ی كۆی حاڵەتەكان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بڵاوكراوەتەوە، لەكۆی ئەو كەسانەی خۆیان كوشتووە، 84 یان لەڕەگەزی مێ بوون و 81 یان لەڕەگەزی نێر بوون، هاوكات زۆرترین ڕێژەی خۆكوشتنیش لە پارێزگای ئورمیە بە 65 حاڵەت تۆمار كراوە.
دوای ئەویش پارێزگای سنە دێت بە 46 حاڵەت، هەروەها پارێزگای كرماشان بە 30 حاڵەت و پارێزگای ئیلام بە 25 حاڵەت.
هۆكارەكانی خۆكوشتنی ئەو كەسانەش پۆڵێنكراوە بۆ هەژاری و بێكاری: 44 حاڵەت، كیشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی: 84 حاڵەت، خەمۆكی و كێشەی دەروونی 15 حاڵەت، نادیار 17 حاڵەت، پێشگرتن لە زەماوەند و بەزۆر بە شوودان 4 حاڵەت، پێشگیری لە بەكارهێنانی مۆبایل 1 حاڵەت و حیجابی زۆرەملی 1 حاڵەت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group