ئەو مامۆستا ئایینیەی قسەی نەشیاوی بە ماریا هەورامی وت پەشیمانە

14/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە هێرشی توند دەكرێتە سەر كلیپەكەی هونەرمەند ماریا هەورامی، مەلا هەڵۆ حەمەرەشید لەقسەكانی پەشیمان دەبێتەوە.
كلیپی گۆرانی (دڵەكەم)ی هونەرمەند ماریا هەورامی كە دەرهێنەرەكەی لە ناوەڕاستی شەقامی سالم لە سلێمانی وێنەی بۆ گرتووە و كوڕان و كچان لەو شەقامە دەستدەكەن بە هەڵپەڕكێ و تێكەڵی كلیپەكە دەبێت، بۆ جەژنی قورباندا بڵاوبۆوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پشتگیری و دەستخۆشی زۆر لەهونەرمەند ماریا كرا بۆ ئەو بەرهەمەی پێشكەشیكردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگی مامۆستایەكی ئاینی، كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆشنبیر و چالاكوانێكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتگیرییان لە ماریا هەورامی بەرانبەر بە مامۆستا هەڵۆ حەمە رەشید كرد.
ئەمڕۆ چوارشەمە، مامۆستا هەڵۆ حەمەرەشید لە تۆمارێكی تری دەنگیدا، پەشیمان بوونەوەی لەشێوازی دەربڕینەكەی بەرانبەر بەهونەرمەند ماریا هەورامی راگەیاندو دەڵێت:" پەیامە دەنگیەكەی یەكەمی تایبەت بووە بۆ كەسێك لە وەڵامی چەند پرسیارێك، بۆ بڵاوكردنەوە نەبووم، "ئەو شێوەیەش كە باسی ئەو خاتوونەم پێكرد شێوەیەكی نەشیاو بوو، بۆخۆم دەربڕینەكەی خۆمم پێ جوان نییە، ئەگەر ئێستا بیڵێمەوە وا نایڵێمەوە، لەبەرئەوەی دەربڕینەكە جوان نییە هەم لە روی شەرع و هەم لە روی عورفیشەوە، پەشیمانم لێی ئەوە بەینی خۆم و خوای خۆمە و تەوبە ئەكەم و ئەو خاتونەش هەر شتێكی هەیە با بڕوات لە دادگا داوای بكات و ئامادەم بچمە دادگا و هیچ كێشەشم نییە".
ئەو مەلایە لە تۆمارە دەنگییە نوێیەكەیدا دووپات لەوەدەكاتەوە كە لەگەڵ ئەوكارەی هونەرمەند ماریا هەورامی نییە و دەڵێت "ناشەرعییە، تا بمێنم هەوڵدەدەم رێ لەكارە نا شەرعییەكان بگرم".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group