چەند بڕیارێك لەبارەی گێچەڵكردنی سێكسی بە ژنان دەركرا

24/08/2019 عێراق

نەوا
ئەنجومەنی دادوەری، بەپشتبەستن بەبڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ژمارە 33 لەساڵی 2018 كە بۆ رێگریكردن لە گێچەڵپێكردنی سێكسی دژی ژنان لەنێو دامودەزگا حكومی و شوێنە گشتیەكان و بەسزا گەیاندنی گێچەڵكاران دەریكردووە، چەند بڕیار و ڕێنماییەكی نوێیدەركرد.
بەپێی نوسراوێك كە وێنەیەكی دەست رادیۆ نەوا كەوتوە، ئەنجومەنی دادوەری عێراق، لەبەرواری 21-8-2019 دەریكردوەو ئیمزای سەرۆكی ئەنجومەنەكەی لەسەرە، چەند بڕیارەكی تێدایە بەناونیشانی چارەسەركردنی دیاردەی گێچەڵپێكردنی سێكسی دژ ژنان و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیەكانی دادگای تەمیزو دەستەی سەرپەر‌شتیاری دادوەری و دادوەری گشتی كراوە، تیایدا هاتوە "هێزەكانی پۆلیس لەشوێنە گشتیەكاندا بوونیان هەیە بۆ چاودێریكردنی ڕوداوەكانی گچێەڵپێكردن و دەستگیركردنی ئەوانەی گێچەڵ بە ژنان دەكەن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ گچێەڵكاردا بكرێت و تیمەكانی پۆلیسیش دەتوانن لەدادگا ببنە شایەت بەسەر ئەو  گێچەڵكارەی كە دەستگیری دەكەن".
لەنوسراوەكەدا، ئەنجومەنی دادوەری عێراق، روونیكردۆتەوە "لەكاتی گچێەڵكردنی سێكسی بە ژنانی فەرمانبەر دەبێت ئەندامێكی مێینە ئەندامی ئەو لیژنەیە بێت كە بۆ لێكۆڵینەوە لەگێچەڵپێكردنی فەرمانبەرەكە دادەمەزرێت ئەوەش بەپێی مادەی 10 لەیاسای رێكاری كاروبارەكانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ساڵی 1991".
هاوكات ئەنجومەنی دادوەری عێراق داوایكردووە" چەند یاسایەكی تر لەوانە یاسای كاری ساڵی 2015 كە تیایدا ڕێگری لە رودانی گێچەڵكردن بەو كەسانە دەكات بەدوای كار دەگەڕێن یاخود فەرمانبەرن، كارا بكرێنەوە".
دیاردەی گێچەڵپێكردنی سێكسی دژ بەژنان جیهانییەو لەزۆربەی وڵاتاندا بەڕێژەی جیاجیا بوونی هەیە، بەڵام وڵاتانی پێشكەوتوو توندترین سزایان بۆ كەسی تۆمەتبار داناوەو بەسەریشدا جێبەجێدەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group