قائیمقامیەتی خانەقین: واژۆو داوكاری بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نەگەیشتووە دەستمان

25/08/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
قائیمقامی قەزای خانەقین رایدەگەیەنێت، تائێستا واژۆو داواكاریی بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140و گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەگەیشتووەتە دەستمان و ئەوەش دەڵێت: "داعش لە ژێر ناوی دیكەو بە بەرنامەی جیاواز بەردەوامن لە هەڕەشەكانیان".  
محەمەد مەلا حەسەن قائیمقامی قەزای خانەقین بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ژمارەیەك لە كەسانی خۆبەخش پێشتر لە هەوڵدا بوون بۆ كۆكردنەوەی واژوو بەمەبەستی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەو جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور و بڕیار بوو واژۆوەكان بدرێتە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لە رێگەی قائیمقامیەتی قەزاكەوە بەڵام تائێستا هیچ شتێك لەوبارەیەوە رەوانەی ئێمە نەكراوەو هەركات واژۆوەكان رەوانەی ئێمە بكرێت ئێمەش داواكارییەكەیان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار دەكەین".
سەبارەت بەدۆخی ئەمنی قەزای خانەقین و هەڕەشەو مەترسییەكانی داعش، محەمەد مەلا حەسەن قائیمقامی قەزای خانەقین بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، تیرۆر نە مەودای هەیە نە پێناسەی هەیە، بەڵام چەكدارەكان بونیان هەیەو ناوەناوە كاری تیرۆریستی ئەنجامدەدەن لە تەقینەوەو تەقە كردن لە هێزە ئەمنییەكان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو چەكدارانە بونیان ماوەو ناكرێت بوترێت دۆخەكە باشەو یاخود خراپە.
باسی لەوەشكرد، داعش ئێستا بەبەرنامەی دیكەو لە ژێر ناوی دیكە كاری تیرۆریستی دەكات، بەڵام دۆخی ئەمنی خانەقین بەراورد بە ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە كەمێك باشترە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group