لە دواساتەكانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخی نەیمار دیاریكرا

02/09/2019 وەرزش

نەوا
لە دوا ساتەكانی هاتن و چونی یاریزانان لەم هاوینەدا، نرخی 300 ملیۆن یورۆ لەسەر نەیمار داسیلڤای بەرازیلی دادەنرێت و ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمانیش گۆڵپارێزەكانیان دەگۆڕنەوە.
لەبارەی نەیمارەوە، ناسڕ خلێفی سەرۆكی یانە پاریسییەكە لەگەڵ كاپتنەكانی تیمەكەی كۆبۆتەوە و بەپێی رۆژنامەی "لۆ پاریزیان"ی فەرەنسی بێت خلێفی وتویەتی "نەیمار حەزدەكات بگەڕێتەوە ریزی بەرشەلۆنە، بەڵام كارەكە هەروا ئاسان نییە".
وتوشیەتی "نەیمار دەتوانێت بڕوات، بەڵام دەبێت ئۆفەرێكی زەبەلاحی 300 ملیۆن یورۆییمان پێبگات ئەوكات دەستبەرداری دەبین".
لەلایەكی دیكەوە لە دواساتەكانی گواستنەوەی یاریزاناندا، كیلۆر ناڤاس گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید رووی لە پاریس سان جێرمان كرد و تا ساڵی 2023 لەگەڵیان دەمێنێتەوە. لە بەرانبەردا ئەلفۆنس ئەریۆلا گۆڵپارێزی پاریس سان جێرمان بە گرێبەستێكی كاتی بۆ ماوەی یەك وەرز پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە كرد.
هەر لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، پاش ئەوەی بەرشەلۆنە لەگەڵ رافینیای یاریزانی گەیشتە رێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی تا وەرزی 2020-2021، دەستبەجێ بە شێوەی خواستن بۆ یەك وەرز رەوانەی سێلتافیگۆی كرد.
هەروەها یانەی رۆمای ئیتاڵی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی گەیشتە رێككەوتن بۆ بەدەستهێنانی نیكۆلا كالینیچ یاریزانی هەڵبژاردەی كرواتیا و بەشێوەی خواست تا 30ی حوزەیرانی داهاتو لەگەڵ دەمێنێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە یانەی رۆما گرێبەستێكی خواستنی لەگەڵ یانەی ئەرسیناڵی ئینگلیزی واژۆ كرد و هنریك مخیتریانی بۆ ماوەی یەك ساڵ بەدەستهێنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group