هەفتەی داهاتوو وەفدێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا

11/09/2019

نەوا ـ سەعید عەبدولڵاـ هەولێر
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە لە قۆناغی یەكەمدا 259 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت، هەروەك ئاشكراشی كرد، هەفتەی داهاتوو وەفدێكی هەرێم سەردانی
بەغدا دەكات.
دوابەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "بڕیاردراوە لە قۆناغی یەكەمدا پێش دەستپێكردنی وەرزی سەرما بڕی (259) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت و لەسەرتاشدا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دابەشكردنی نەوت دەستپێدەكات".
باسی لەوەشكرد هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بۆ دەستپێكردنی وەرزی نویی خوێندن پێداویستییەكانی هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابین بكرێت.
جوتیار عادل ئاشكرای كرد؛ هەرێمی كوردستان نیەتی جدی هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و هەفتەی داهاتو وەفدێكی هەرێمی سەردانی بەغدا دەكات لەسەر پرسی بودجەی ساڵی داهاتو، هەرێم لەگەڵئەوەدایە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بەپێی رێژەی دانیشتوان دیاری بكرێت.
وتەبێژی حكومەت هێمای بۆ ئەوەش كرد: "بڕیاردراوە بە رێكخستنەوەی سیستمی باج لە رێگەی  دیاریكردنی میكانیزمی نوێ بۆ رێكخستنەوەی باج كرد بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت و بۆ ئەوەش پەیڕەوی تایبەت بە یاسای تیانوسی بازرگانی (الدفاتر التجاریە)ی پەسەند كرد كە میكانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێكخستنەوەی باج، چونكە پێشتر چەندین رێگە هەبوە بۆ خۆدزینەوە لە باج".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group