بارزانی لەبارەی دووبارە خۆ رێكخستنەوەی داعش لە عێراق هۆشداریدەدات

11/09/2019

نەوا
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد كە ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شكاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەن.
بەپێی راگەیەنراوێك كە لەلایەن نووسینگەكەیەوە بڵاوكراوەتەوە، مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازیكردووە لە برایان مەكفیتێرز جێگری سەرۆكی نێردەی تازەی ئەمریكا لە عێراق و ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.
لەو دیدارەدا بارزانی لەبارەی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا جەختیكردەوە كە پشتیوانیی دیالۆگ دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
سەرۆكی پارتی سەبارەت بە رەوشی ئەمنیش ڕایگەیاندوە، كە ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شكاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەن، هەروەها تەئكیدی كردەوە كە داعش هەرەشەیە بۆ سەر هەموولایەك، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیك و بۆ هەندێكی تر هەڕەشەكە دوورمەودایە، ئەو هۆكارانەش كە داعشیان دروستكرد وەكخۆیان ماون و چارەسەر نەكراون.
بارودۆخی سوریا تەوەرێكیتری ئەو دانیشتنە بووەو بەپێی راگەیەنراوەكە، بارزانی نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لەسووریا بەشاندی ئەمریكی راگەیاندوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group