دەوڵەتی یاسا: بێزاربوین و چیتر لە هەرێمی كوردستانی قبوڵ ناكەین

16/09/2019

نەوا
مەنسوڕ بعێجی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت "سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی هیچ سودێكی نییە". پێشی وایە هەڵسوكەوتەكانی هەرێم و بردنی سەروەت و سامانی پارێزگاكانی دیكە گەیشتوەتە رادەیەك، كە چیتر قبوڵ ناكرێت.
بعێجی لەبەیاننامەیەكدا باسی لەوەكردوە، چیتر یەكتربینین و كۆبونەوەی حكومەتی ناوەند و شاندی هەرێم هیچ سودێكی نییە، چونكە ئەمە یەكەم كۆبونەوە نییە و ئەوانەی پێشوتریش هیچ بەرهەمێكیان نەبووە لەبابەتە هەستیارەكانی وەك نەوت و داهات و خاڵە سنوریەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە سەرجەم كۆبونەوە و یەكتربینینەكاندا تەنها دیمەنی راگەیاندنەكان و وێنەی بەشداربوان دەگیردرێت، هەرێم نەوت هەناردە دەكات و كۆنترۆڵی خاڵە سنوریەكان و داهاتەكەی كردوە لەگەڵ ئەوەشدا بەشی خۆی لە بودجە دەدرێتێ‌ و لەلایەن حكومەتەوە پیرۆز كراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچی لێوەربگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "بێزاربوین لەوەی بەردەوام هەرێمی كوردستان سەروەت و سامانی پارێزگاكانی دیكە دەبات، سەرەڕای بردنی زیاتر لە بەشی خۆی لە پۆستە وزاری و جێبەجێكاریەكاندا، هەروەها ناشزانین هۆكاری بێدەنگی حكومەت چییە، شەقامی عیراقی توڕە بوە بەتایبەتی هاووڵاتیانی پارێزگا نەوتیەكان، كە لەبارودۆخێكی خراپدا دەژین، بۆیە چیتر ناكرێت ئەم بارودۆخە وا بەردەوام بێت، چونكە وەك نوێنەرانی گەل لێمان قبوڵ ناكرێت و هەڵوێستی جدیمان دژی حكومەتی هەرێم دەبێت تا ئەو كاتەی گوێ‌ بۆ لۆژیك دەگرێت و پابەندی دەستور و ماف و ئەركەكانی دەبێت، ئەگەرنا ئەوا لە بودجەی ساڵی داهاتودا یەك دینار وەرناگرێت، ئەوەشی ساڵانی رابردو لەداهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكان بردویەتی، قەرز دەبێت لەلای".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group