پۆڵا تاڵەبانی: رێككەوتنێك هەیە بەیەك پاكێج داوای پۆستەكانی كورد بكرێت لەبەغدا

17/09/2019
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود
سەركردایەتییەكی یەكێتی كە لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای ئەو حزبەشە رایدەگەیەنێت، تائێستا كۆمەڵێك پۆستی كورد لە بەغدا پڕنەكراوەتەوەو لەئێستاشدا رێككەوتنێك هەیە لە نێوان لایەنە كوردستانیەكان بەیەك پاكێج داوای ئەو پۆستانە بكرێتەوە ئەوەش لە بەرژوەندی كوردە.
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، كۆمەڵێك پۆستی كورد لە بەغدا تائێستا پڕ نەكراونەتەوەو پێم وابێت لە ئێستادا رێككەوتنێك هەیە تاوەكو بزانرێت چەند پۆستی كورد هەیە لە بەغداو دواتر سەرجەمیان بهێنرێتەوە ناو لایەنە سیاسیەكان یاخود فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لەوێ بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یاخود كورسی پەرلەمانی هەر لایەنێك پۆستی بۆ دیاریبكرێت، ئەوەش یەكێكە لە رێگاچارە گونجاوەكان كە لایەنەكان كاری لەسەر بكەن و گفتوگۆی لەسەر كراوەو هیوادارین ببێتە بنەمای دابەشكردنی پۆستەكان".
راشیگەیاند، ئەگەر سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان پێكەوە داوای پۆستەكان بكەن بە یەك پالكێج ئەوە بۆ ئێمە باشترە و هەڵوێستمان بەهێزتر دەبێت دەتوانرێت شتی زیاتر بەدەستبهێنین، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێك بەتەنها بیەوێت رێككەوتن بكات و پشكی خۆی وەكو دەستكەوتی حزبی وەربگرێت ئەوكات مەوقیفەكە لاواز دەبێت و ناتوانرێت وەكو پێویست پۆستەكان وەربگرینەوە.
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەخیشیكردەوە، ئێستا هەوڵەكان بەوجۆرە سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان داوای پۆستەكان بكەن بەیەك پاكێج ئەوەش بێگومان لە بەرژوەندی هەمووانەو دەستكەوتی زیاتر دەبێت بۆ كورد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group