سلێمانی... كۆگایەكی ئەمباركردنی ئاوی لەدەبەنراو دادەخرێت

22/09/2019

نەوا
بەهۆی خراپ ئەمباركردن و نەشیاوی شوێنەكە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆگایەكی ئەمباركردنی ئاوی دەبەی لەگەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی داخست.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، رۆژی یەكشەممە لیژنەی بەدواداچونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراوی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دوای چەندینجار ئاگاداركردنەوە لەكەموكورتیەكانی و پابەندنەبون بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان، كۆگایەكی ئەمباركردنی ئاوی لە گەڕەكی زەرگەتە داخست تا پابەندی سەرجەم مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەبێت.
بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەدواداچونی بەرهەمهێنانی ئاوی لەدەبەنراو كە چاودێری كۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان و عەمباركردن و گواستنەوەی ئاو لە بتڵ و پەرداخ و دەبە دەكات، هۆكارەكانی داخستنی كۆگاكەی رونكردەوە و بۆ بەرزی پلەی گەرمی ناو كۆگاكەی گەڕاندەوە، سەرەڕای ئەوەی ئامێری ساردكەرەوەی تێدا نییە لەگەڵ دانانی ئاو لەبەر تیشكی خۆر و گەرمی سەر شۆستە و شەقامی كۆگاكەی، كە بەهیچ جۆرێك رێپێدراو نییە، چونكە دانانی ئاو لەبەر تیشكی خۆر كاریگەری خراپی تەندروستی لەسەر پێكهاتەی ئاو دروست دەكات و دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە تەندروستی هاووڵاتیان لەبەر ئەو هۆكارە و لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی هەڵگرتن و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لەبەر تیشكی خۆر قەدەغەكراوە. 
ئاماژە بەوەشكراوە، بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی كۆگاكە دادەخرێت تا پابەندی سەرجەم مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group