راپۆرتێكی رۆژنامەوانی: رامۆس جنێوی بە دایكی یاریدەدەری ناوبژیوانی دێربی داوە

29/09/2019 وەرزش

نەوا
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی، سێرجیۆ رامۆس كاپتن و بەرگریكاری ریاڵ مەدرید لە یارییەكەی شەوی رابردویان بەرانبەر بە ئەتلەتیكۆ مەدرید، جنێوی بە دایكی یاریدەدەری ناوبژیوان داوە.
رۆژنامەی "ماركا"ی نزیك لە یانەی ریاڵ مەدرید، گرتەكانی ساتی توڕەبونی رامۆس و جنێودانی بە یاریدەدەری ناوبژیوانی لە كەناڵی "موڤیستار"ی ئیسپانییەوە وەرگرتوە و ئاماژەی بەوەشداوە، كە دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیكۆ مەدرید بە ناوبژیوانی وتوە، كە رامۆس جنێوی داوە و پێویستە كارتی سوری پێبدات.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، كە سیمیۆنی ناوبژیوانەكەی ئاگاداركردوەتەوە لەسەرئەو جنێودانە پێشتر دیێگۆ كۆستای هێرشبەری تیمەكەی بەكارتی سور بەرانبەر بەرشەلۆنە دەركراوە و هەشت یاریش راگیراوە.
دێربی شاری مەدرید، كە شەوی رابردو لەنێو یاریگای ئەتلەتیكۆ مەدرید بەڕێوەچو، بەبێ گۆڵ كۆتاییپێهات و ریاڵ مەدرید بە 15 خاڵەوە لە پلەی یەكەمیدا ماوەتەوە، ئەتلەتیكۆ مەدریدیش 14 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمیدایە، لەنێوانیشیاندا گرانادا هەیە، كە 14 خاڵی هەیە و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمیدایە، لەكاتێكدا بەرشەلۆنە بە 13 خاڵەوە لە پلەی چوارەمیدایە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group