حكومەتی عێراق پاكێجی دووەمی چاكسازی راگەیاند

08/10/2019 عێراق

نەوا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پاكێجی دووەمی پرۆژەی چاكسازی راگەیاند، كە ئامانج لێی وەڵامدانەوەی بەشێك لە داواكاری خۆپیشاندەرانە.
ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پاكێجی دوەمی رێكارەكانی چاكسازی پەسەند كرد كە لە 13 بڕیار پێكهاتوە و گرنگترینیان پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵایە بۆ دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبون بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران و ئەندامێتی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.
هەر بەپێی ئەو پاكێجە كە بەشێكی زۆر بڕگەكانی بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان كراوە، زەوی كشتوكاڵی و قەرز دەدرێتە كەسانی دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگاكانی كشتوكاڵ. 
هاوكات بڕیار دراوە لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (2020) ئەو یاسا و رێنماییانە سڕ بكرێن كە رێگە دەدەن بە وەرگرتنی زیاتر لە موچەیەك وەردەگرن و سەرپشككردینان بۆ هەڵبژاردنی یەك موچەیان.
بڕیارێكی دیكەی قۆناغی دوەمی پڕۆژەكە پەیوەستە بە وەزارەتی كارەبا بە دابەشكردنی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا بە تیشكی خۆر بۆ سێ هەزار ماڵی هەژار.
لە بڕیارەكاندا ئاماژە بە گرتنەبەری كۆمەڵێك رێكار و راسپاردنی وەزارەت و دامەزراوە تایبەتمەندەكان كراوە بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و خەڵكانی بێكار.
پێشتریش حكومەتی عێراق وەك وەلامدانەوەیەك بۆ داواكاریەكانی خۆپیشاندەران پاكجێكی 17 خاڵی لە بارەی چاكسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەركردنی كێشەی بێكاری و باشتركردنی خزمەتگوزاریەكان راگەیاندبوو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group