هەسەدە: پێویستە ناوچەی دژە فڕین پێكبهێنرێت

09/10/2019

نەوا
هێزەكانی سووریای دیموكرات لەیەكەم كاردانەوەیاندا بەرامبەر دەستپێكردنی پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا داوایان لە ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد ناوچەی دژەفڕین رابگەیەنێت.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هاوئاهەنگی هەسەدە، وەك یەكەم كاردانەوەیان لە پاش هێرشەكانی سوپای توركیا بۆسەر رۆژهەڵاتی فورات، لە هەژماری خۆی لە توویتەر رایگەیاند، بە بیروباوەڕێكی باشەوە بەشدارییان لە رێككەوتنی ناوچەی ئارام كرد لەنێوان ئەمریكا و توركیا.
هەسەدە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو رێككەوتنە ئەوانی بێ بەرگری هێشتەوە و داواش  لە ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات ناوچەی دژەفڕین رابگەیەنن بۆ ئەوەی هێرشی سەر خەڵكی بێتاوان بووەستێت.
لە لایەكی ترەوە مستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، لە سەرێكانی تا گرێسپی لە ژێر هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیادایە.
جێی باسە لە دوای رێككەوتنی پێكهێنانی ناوچەی ئارام لە نێوان توركیا و ئەمریكا هەسەدە تونێل و سەنگەرەكانی خۆی لە ناوچە سنوریەكان لەگەڵ توركیای لە ناوبردبوو هەروەها هێزەكانیشی لەبەشێكی بەرچاوی ئەو ناوچانە كشاندبوەوە، بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریكا لە باكوری سوریا، رۆژی چوارشەممە توركیا هەڕەشەكانی كرد بە كردار و پەلاماری ناوچە كوردنشینەكانی باكوری سوریای دا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group