بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێشوازی لە دیالۆگی كورد و دیمەشق دەكات

10/10/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا پێشوازی لە لێدوانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەكات لەبارەی دیالۆگی نێوان كورد و حكومەتی سوریا.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەموو كاتێك لەگەڵ ئەوەدایە، چارەسەری قەیرانی سوریا بە دیالۆگی سوری-سوری دەبێت و هەردەم هەوڵیانداوە دیالۆگ بەرەوپێشەوە ببەن. 
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاشكراشیكردووە، ژمارەیەكی زۆر كۆبوونەوە لە نێوان ئەوان و ڕوسیا بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ ئەنجامدراون و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەخشەڕێگەیەكی چارەسەری پێشكەش بە روسیا كردوە، كە بەوتەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر "پراكتیزەكردنی نەخشەرێگەكە كارێكی زۆر گرنگە".
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا راشیگەیاندوە، بە شێوەیەكی ئەرێنی لە لێدوانەكەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەڕوانن كە داوای دیالۆگی لەنێوان كورد و حكومەتی سوریادا كردبوو، هیوادارن ڕوسیا ڕۆلێكی دیار و گەرەنتی لە كێشەكەدا بگێڕێت و ئەنجامی پراتیكی و ڕاستی هەبێت، بەو پێیەی دیالۆگ خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو سوریا دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە كۆتایی بەیاننامەكەدا دەڵێت "ئێمە نامانەوێت ڕووداوەكانی عەفرین دووبارە ببنەوە، لە عەفرین هەموو گەلانی سوریا روبەڕوی هێرش بوونەوە و بوون بە ئامانج، بۆیە نابێت عەفرین دووبارە ببێتەوە، چونكە بۆ هەموو خەڵكی سوریا مەترسی دروست دەكات".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group