كۆنسوڵی فەخری سریلانكا: پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێم تەنها 24 كاتژمێری پێدەچێت

10/10/2019

نەوا
ئەحمەد جەلال كۆنسولی فەخری سریلانكا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، عیراق بە پلەی یەكەم چای سریلانكا هاوردە دەكات، كە رێژەی 65 لەسەدی بۆ هەرێمی كوردستانە.
كۆنسوڵی فەخری سریلانكا باس لەوە دەكات، كە چەندین بەروبومی كشتوكاڵی و خۆراكی لە وڵاتەكەیانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت وەكو چا، بەهارات، دارچین، لاستیك و بەروبوم و بەرهەمی دیكەیش. وتیشی "كۆنسوڵخانەی فەخری سریلانكا لە 28ی تشرینی دووەمی ساڵی 2017 بەفەرمی لە شاری هەولێر كراوەتەوە، كارەكانیشمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولایە".
هەروەها دەشڵێت "پەیوەندیی نێوان سریلانكا و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی كۆنە، بەرلە 30 ساڵ لەمەوبەر ئەو پەیوەندیانە هەبون، بەڵام دوای كردنەوەی كۆنسوڵخانە پەیوەندییەكان باشتربون".
ئەحمەد جەلال جەختدەكاتەوە، لەوەی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێم و سریلانكا پەیوەندییەكی زۆرباشە و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان هەرێمێكی گرنگە و بوە بە سەنتەرێكی باش بۆ سریلانكا.
لەبارەی ڤیزاشەوە دەڵێت "ڤیزا دەدەین بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەمیانی 24 كاتژمێردا ڤیزاكە دەردەچێت، نرخیشی تەنها 35 دۆلارە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group