رێژەی بەشداریكردن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە كەركووك 60%ی تێپەڕاندووە

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی رایگەیاند، بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی خەڵك هان بدەن سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن و تاوەكو ئێستاش لە كەركووك رێژەكە تارادەیەك باشە و گەیشتووەتە زیاتر لە 60%، بەڵام كورد هەندێك گرفتی هەیە لەبەر ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی نییە و بەشێكی زۆریشی ئاوارەن و چارەنووسیان دیار نییە.
دیاری حوسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی  بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك بەشداری لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا بكەن و تاوەكو ئێستاش ژمارەیەكی باشی خەڵك بەشداری كردووە و رێژەكە گەیشتووەتە زیاتر لە 60%".
وتیشی: "عەرەبەكان زیاتر دەچن بۆ نوێكردنەوەی ناوەكانیان لە بنكەكانی تۆماری دەنگدەران، لەبەر ئەوەی كورد هەندێك گرفتیان هەیە و دۆخی كەركووك  ئاسایی نییە  و خەڵكێكی زۆر ئاوارەیە، كە هێشتا چارەنووسیان یەكلا نەكراوەتەوە ئاخۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەكەن یاخود نا، بۆیە پێویستە ئەمە یەكلا بكرێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ كەركووك، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغدا دوای خست و ئێمەش چاوەڕێ دەكەین گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت و ئێمەش بگەڕێینەوە پارێزگاكە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group