ئیبراهیمۆڤیچ: یەك زڵاتان هەیە و دوبارەنابێتەوە

19/10/2019 وەرزش

نەوا
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی و ئەستێرەی یانەی لۆس ئەنجلس گالاكسی ئەمریكی هیواخوازە لەسەر رێچكەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی بڕوات و لە ریزەكانی یانەی ناپۆلی یاری بكات، بەڵام هێشتا بڕیاری لە داهاتوی خۆی نەداوە.
ئیبراهیمۆڤیچ لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "لاگازێتا دیللۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی ئاماژەی بەوەداوە، تەمەنی گەیشتوەتە 38 ساڵ، بەڵام هێشتا گڕوتینی منداڵێكی بچوكی هەیە و ئارەزوی بردنەوەی هەیە، دەشڵێت "هێشتا بیرم لە داهاتوم نەكردوەتەوە، بەڵام لەگەڵ خێزانەكەمدا لەسەرخۆ بیری لێدەكەمەوە".
ئەستێرە سویدیەكە باسی لەوەكردوە، ئەگەر شتێكی باش هاتەپێش، كە گڕوتینی ناوەوەی تاوبدات ئەوا بیر لە بەردەوامبون لە یاریكردن دەكاتەوە جا لە ئەمریكا بێت یان شوێنێكی تر. وتیشی "ئیتاڵیا نیشتمانی دووەممە و گوێ‌ لە هەموو شتێك دەگرم و شەڕ دەكەم بۆئەوەی بگەمە لوتكە، ئەگەر گەڕامەوە ئیتاڵیا دەمەوێت خولی ئیتاڵی بەدەستبهێنم".
سەبارەت بە ئەگەری روكردنە یانەی ناپۆلی-یش، ئیبراهیمۆڤیچ وتی "ئەو فیلمەی دەربارەی مارادۆنا لە ناپۆلی دەركرا، فیلمێكی جوان بو بەلامەوە و پێموایە مارادۆنا هاوشێوەی نییە، ئارەزو دەكەم هاندەرانی ئەو شارە ببینم و وام لێدەكات بمەوێت لەگەڵ ناپۆلی یاری بكەم، زۆر جوان دەبێت ئەوەی مارادۆنا كردی دوبارەی بكەیتەوە، ناڵێم رودەكەمە ناپۆلی، چونكە بڕیاری كۆتایی لەسەر چەند شتێك بەندە".
ئیبراهیمۆڤیچ پێشی وایە، تائێستا دەتوانێت لە خولی ئیتاڵی لەوەرزێكدا 20 گۆڵ یان زیاتر تۆماربكات. وەك خۆیشی دەڵێت "یەك زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هەیە و دوبارەنابێتەوە و بەهیچ یاریزانێكی دیكە بەراورد ناكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group