بایك: چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە خزمەتی سیاسەتی توركیا دەكات

20/10/2019
نەوا
هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە دەڵێ، پێویستە گەلی كورد لە بەرامبەر داگیركاری توركیا، خۆگڕاگری بكات و خاكی وڵاتی خۆی جێنەهێڵێ، ئەگەر بێت و جێیبهێڵێ، ئەوا جارێكی دیكە ناتوانێ بگەڕێتەوە.
جەمیل بایك دەستەی بەڕێوەبەری هاوسەرۆكی كەجەكە رایگەیاند، ئەو هێرشەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان داگیركارییە و هەوڵێكە بۆ دابڕاندانی خاكی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، لەكاتێكدا توركیا هێرشی سەر باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەكات، لە هەمانكاتدا لەو دیوی سنوور لە باكووری كوردستانیش گوشارەكانی سەر گەلی كوردی چڕكردووەتەوە و لەسەر سنوورەوە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان دەكات و دەڵێت هەسەدە تۆپبارانیان دەكات.
جەمیل بایك هێمای بۆ ئەوەشكرد،كە توركیا دەیەوێت لە دیوی باكوور و رۆژئاوای كوردستان كورد كۆچ بكەن تا لە رووی جوگرافییەوە پارچەكانی كوردستان لە یەكدی داببڕێ. داوا لە خەڵكی ئەو ناوچانە دەكات وێڕای بەردەوامی تۆپبارانەكان ماڵەكانیان چۆڵ نەكەن، چونكە چۆڵكردنی ناوچەكانیان خزمەتی سیاسەتی توركیا دەكات.
هاوسەرۆكی كەجەكە هەروەها رایگەیاند، توركیا بە هەموو هێز و توانایەوە هێرش دەكاتە سەر دەستكەوتەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و دەیەوێ لەو ناوچەیە كورد نەهێڵێت و سووریایەك بەدڵی خۆی دروستبكات و، ئەو گرووپە چەكدارانە جێگیر بكات كە ناوی لێناوە سوپای نیشتمانی سووریا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group