لە بارەی هاتنی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاواوە بۆ باشوری كوردستان رونكردنەوە دەدرێت

21/10/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هاتنی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاواوە بۆ باشوری كوردستان هیچ مەترسییەك دروست ناكات و حكومەتی هەرێمیش توانای رێگری لە هاتنی ئەو هێزانە نییە.
ئاری هەرسین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "هاتنی ئەو هێزەی ئەمریكا لە رۆژئاواوە بۆ باشوری كوردستان پێم وانییە لەبەر خاتری ئێمە بێت و بۆ پاراستنی باشوری كوردستان هاتبێت، هەركەسیش لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شارەزابێت ئەوە دەزانێت كە ستراتیژیترین و ئارامترین شوێن بۆ ئەمریكا لە دوای بڕیاردانی بە كشانەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوا، هەرێمی كوردستانە كە بەرژوەندییەكانی تێدا پارێزراوبێت.
لەبارەی ئەوەی دەوترێت دەبوو حكومەتی هەرێم نیگەرانی و هەڵوێستی خۆی رابگەیەندا بەوەی كە ئەو هێزانەی ئەمریكا نەدەبوو رۆژئاوا جێبهێڵن و رووبكەنە باشوری كوردستان، ئاری هەرسین وتی: "ئەم قسەیە وەكو نوكتەیەكە، بۆ حكومەتی هەرێم دەتوانێت رێگری لە تۆپارانی خاكەكەی بكات لەلایەن وڵاتێكی وەكو ئێران كە خۆی لە ژێر فشارێكی زۆری نێودەوڵەتییە؟ بۆ دەتوانێت رێگری لە بۆردومانەكانی فرۆكەكانی توركیا بگرێت لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان؟ ناتوانێت، بۆیە ئەگەر ئەو قسەیە چەواشەكاری نەبێت ئەوە لە بێئاگایی و ئەو كەسانە هیچ ئاگاداری باڵانسی هێزێكی وەكو ئەمریكاو هێزی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم نییە، یەعنی ناتوانن ببینن كە ئەوان چەند گەورەن و ئێمە چەند بچوكین لە رووی سەربازییەوە".
سەبارەت بە نیگەرانی و دروستكردنی مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرانبەر هاتنی ئەو هێزەی ئەمریكا لەكاتێكدا ئەو دوو وڵاتە بە پەیوەندییەكی نائاسایی تێدەپەڕن لە ئێستادا، ئاری هەرسین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، بڕواناكەم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی كوردستان چونكە پێشتریش هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بونیان هەبووەو ئەمە شتێكی نوێ نییە بۆ ئێران و پێم وانییە هاتنی ئەو هێزانەش بۆ دروستكردنی مەترسی بێت لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر بزانن هێزێك هاتووەو مەترسی لەسەر وڵاتەكەی دروستناكات كێشەی نییە ئەگەر نیوەی هێزی ئەمریكشی بێتە هەرێمی كوردستان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group