شارەوانی لە بارەی كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك رونكردنەوە دەدات

09/11/2019

نەوا
لەبارەی كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك لە سنوری پارێزگای سلێمانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، داهاتەكانی فرێدانی خۆڵ و خاشاك و ڕسوماتی تابلۆ و ڕسوماتی پیشە لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە كۆدەكرێتەوە، داواشدەكات هاووڵاتیان هاوكاربن لەگەڵ تیمەكانی كۆكردنەوەی داهات.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا، ڕایگەیاندووە، پارێزگاریكردن لە باركۆدی شوێنەكان دەكەوێتە سەر ئەستۆی هاووڵاتیان، كە سەرجەم زانیارییەكانی شوێنەكەی تێدا تۆماركراوە لەمەبەدوا هەموو مامەڵەیەكی شارەوانی لەڕێگەی ئەو باركۆدەوە دەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، بڕیارەكەش لە پێناو زیاتركردنی خزمەتگوزارییەكانی پاكوخاوێنیە لە شاری سلێمانی و بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی لەسەرە.
جەختیشی كردۆتەوە، كۆمپانیای (ئنسایت) كۆكردنەوەی داهاتی سەرجەم چالاكییەكانی زۆنی (2-3) لەئەستۆ دەگرێت.
شارەوانی سلێمانی بڕیاریداوە لەم مانگەوە پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە هاوڵاتیان وەربگرێت، كە مانگانە بۆ هەر ماڵێك 5 هەزار دینارە و هەر ماڵێك باركۆدێكی بۆ دادەنرێت تا لە رێگەیەوە زانیاریەكانی پێدانی پارەكە تۆمار بكرێت.
بڕیارەكەی شارەوانی كاردانەوە و ناڕەزایەتی بەشێك لە هاوڵاتیان بوەتەوە، بەو پێیەی باس لەوەدەكەن تا ئێستا دۆخی دارایی بە تەواوەتی ئاسایی نەبوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی تەنها لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group