چەند پەنابەری نایاسایی لە ئەوروپادا دەژین؟

14/11/2019 جیهان

نەوا
بەپێی روپێوییەكی گشتی لەساڵی 2017دا ژمارەی پەنابەرانی نایاسایی لەئەوروپا لەنێوان 3.9 بۆ 4.8 ملیۆن بووە، زۆرینەشیان چینی گەنجان و رەگەزی نێرن.
روپێوییەكە لەلایەن دامەزراوەی "بیۆ بۆ لێكۆڵینەوەكان" ئەنجامدراوە و پشتی بە داتاكانی 32 دەوڵەتی ئەوروپی و داتاكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەستوە.
لە دەرئەنجامەكەیدا، كە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە لەساڵی 2017دا ژمارەی پەنابەرانی نایاسایی 3.9 بۆ 4.8 ملیۆن كەس بوە، زیاتر لە نیوەشیان لە ئەڵمانیا و بەریتانیا دەژین، بە جۆرێك ئەڵمانیا ملیۆنێك بۆ ملیۆن و 200 هەزار و بەریتانیا 800 هەزار بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار پەنابەری نایاساییان هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی داتاكان لەساڵی 2014دا ژمارەی پەنابەرانی نایاسایی لە ئەوروپادا نزیكەی 3 ملیۆن و 700 هەزار كەس بوە.
زۆرینەی ئەو پەنابەرانە چینی گەنجانن و لە رەگەزی نێرن، چارەكی ئەو پەنابەرانە لە ئاسیا و وڵاتانی زەریای ئارامەوە چوون، هەروەها 21%یان لەوڵاتەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاوە چون، 17%یشیان لە دەوڵەتانی باشوری بیابانی گەورەوە چون، ئەو پەنابەرانە هەرچەند لەدەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە روویان لە وڵاتانی كیشوەرەكە كردوە، بەڵام بەبێ‌ بوونی رێگەپێدان تێیدا دەژین، یان رێگەپێدانیان كۆتایی هاتوە و نەڕۆیشتون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group