كۆشنه‌ر: كوردانی باكور و رۆژئاوا و باشور یه‌كڕیز نین

19/11/2019

نەوا
بیرنارد كۆشنەر وەزیری پێشوتریی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت: هەرێمی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام كوردانی باكور و رۆژئاوا و باشور یەكڕیزنین.
بیرنارد كۆشنەر لەرۆژی یەكەمی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی ئەمریكی - كوردستان لە دهۆك سەبارەت بە خاڵی دەستپێك بۆ سەقامگیری لەناوچەكەدا وتی "لەساڵی 1974وە كارم لەسەر ناوچەكە كردوە، ئەوكات لەشەڕدا بوو، قسە لەسەر ئاشتیش دەكرا، بەڵام زۆر قورس بوو قسە لەسەر سەقامگیری و حكومڕانییەكی باش بكەین، لەناوەڕاستی ئەم قەیرانەدا نەتوانرا ئەمە چارەسەر بكرێت، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان من پیرۆزبایی دەكەم، چونكە یەكێك لە هاوڕێكانی ئێمە دوێنێ وتی، ئەمە تاكە شوێنە وەك زانكۆی كوردستان بانگهێشتی هەموو كەسێك دەكەن و هەموو كەسێكیش لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشت دەكەن، لەبەرئەوە ئەوە سەركەوتنێكی گەورەیە و ئەوەش وا دەكات زۆرشت گۆڕانكاری بەسەردا بێت و كارێكی باشە".
ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام كوردانی باكور و رۆژئاوا و باشور یەكڕیزنین، پێویستە كورد لە هەموو پارچەكانی دیكە پەیوەندیی بەهێزیان هەبێت.
بیرنارد كۆشنەر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد، كاتێك بوەتە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا زانیاری لەسەر كوردستان هەبوە و لەچەند شوێنێك هاوڕێی هەبوە، لەبەرئەوە زۆر دڵنیابوە كە دەتوانێت هەندێك شت لەكوردستاندا بگۆڕێت، بەڵام كاتێك سەیری بابەتەكانی كردوە، بەوشێوەیە نەبوە، كە بیری لێكردوەتەوە.
بێرنارد كۆشنەر وتیشی "بیرۆكەی باشمان هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە، كە چۆن جێبەجێی دەكەیت، زۆر گرنگە بەجۆرێك رەفتار بكەیت، كە وڵاتانی هاوسێ رازیبكەیت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group