جوان ئیحسان: لە دوو هەفتەدا ناتوانرێت كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری بكرێت

03/12/2019

نەوا
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ گفتوگۆیەكی لەگەڵ جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق كردووە، لەبارەی ئەگەرەكانی دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی هەنگاوە یاسایی و دەستورییەكانی دوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی رونكردۆتەوە، دەڵێت، دوای دەستلەكاركێشانەوەكە حكومەت دەبێتە كاربەڕێكەر، لەو ماوەیەدا سەرۆك كۆمار داوا لە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەكات كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ سەرۆكی حكومەت، كە گەورەترین كوتلە كەسێكی هەڵبژارد، دواتر سەرۆك كۆمار داوا لەو كەسایەتییە دەكات كە لە میانی ٣٠ رۆژدا حكومەتەكەی پێكبهێنێت بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستوریی عێراقی فیدرال، دواتر ئەو كەسە حكومەتەكەی پێكدەهێنێت و كابینە و بەرنامەی حكومەتەكەی دەهێنێتە بەردەم پەرلەمان، تاكو ئەندامانی پەرلەمان، سی ڤی هەریەك لە ئەندامانی كابینەكەیان لەبەردەستدا بێت و بزانن كە دەنگ دەدەنە كێ، یان ئایا بەرنامە حكومیەكەی چییە، چونكە كاتێك عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاردەكێشێتەوە، بەرنامە حكومییەكەشی لەگەڵی دەڕوات، دەبێت بەرنامەی حكومەتی نوێ بێتە ئاراوە.

جوان ئیحسان بەدووری زانی بتوانرێت لە میانی دوو هەفتەی دیاریكراوەدا كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمان بتوانن كەسایەتییەك دەستنیشان بكەن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت، بۆیە قەیرانێكی سیاسی یەخەی عێراق دەگرێت، رایگەیاند، ئاسان نییە ئەوە دیاری بكەیت گەورەترین كوتلە كێیە، یان چۆن دروست دەبێت، ئاشكراشیكرد، نێوانی كوتلە شیعیەكان هیچ باش نییە و وتی "ئێستا كوتلەكانی فەتح و عەسائیبی ئەهلی حەق بەیەكەوە لە ئاراستەیەكدان، هاوكات سائیرون كە خاوەنی ٥٤ كورسییە لە ئاراستەیەكی تردایە، ئایا ئەمانە چۆن ریكدەكەون؟ كە لە بنەڕەتەدا ماڵی شیعە كۆك نین لەنێو خۆیاندا، نێوانی كورد و سوننە و شیعە ئەوەش پرسێكی ترە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا، كە لەكاتی دیارینەكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لە میانی 30 رۆژەكەدا كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێردراوە، یان ئەگەر ئەو كەسایەتییە نەیتوانی لەو ماوەیەدا حكومەتە نوێیەكە پێكبهێنێت، ئەوا سەرۆك كۆمار بەهەمان شێوە كەسێكی تر رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
سەبارەت بەو هەواڵانەی كە باس لە ئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەن، جوان ئیحسان بەدووری زانی كە دۆخێكی لەو چەشنە بێتە ئاراوە كە سەرۆكی پەرلەمانیش دەستلەكاربكێشێتەوە، چونكە كشانەوەی دەسەڵاتی یاسادانان وڵات دەخاتە گێژاوێكی گەورەوە و بەئەستەمی زانی كە هەریەك لە سەرۆكایەتییەكانی حكومەت، پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار دەستلەكاربكێشنەوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كە ئێستا دەسەڵاتی پەرلەمان چەندین ئەركی قورسی لەپێشە، لەوانە داواكاریی دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدی، هاوكات پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقی دوای قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكە جارێكی تر دەچێتەوە پەرلەمان.

سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر پرسە هەڵواسراوەكان و كاریگەریی دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدی، جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەدا، حكومەتی كاربەڕێكەر دەستبەكار دەبێت، بەهەرجۆرێك بێت كارەكانی حكومەت ناوەستێت، پەرلەمانیش رەوایەتی خۆی لەدەست نەداوە، بۆیە ئەگەر پرۆژە بوودجەی 2020 بێتە پەرلەمان، ئەوا رێكارەكان رێڕەوی ئاسایی خۆیان وەردەگرن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group