ترامپ: پێویستە میدیاكان گرنگی زیاتر بە دۆخی كارەساتباری ئێران بدەن

06/12/2019 جیهان

نەوا

سەرۆكی ئەمریكا باس لەوەدەكات هێزە ئەمنیەكانی ئێران بە شێوەیەكی دڕندانە خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردووی ئەو وڵاتەیان سەركوت كردووە.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ دیپلۆماتەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە كۆشكی سپی، دۆناڵد ترامپ باسی لەوەكرد، حكومەتی ئێران خۆپیشاندەرانی كوشت و دواتر هێڵەكانی ئینتەرنێتی پچڕاند، بۆ ئەوەی كەس نەزانێت لەو وڵاتە چی روویداوە.
ترامپ داواشی كرد، كە میدیاكان گرنگیەكی زۆر بە دۆخی ئێران بدەن و پیشانی بدەن، كە چی لەو وڵاتە روویداوە، چوونكە رەوشی ئێران هیچ باش نییە و بەتەواوەتی كارەساتبارە.
سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ خەڵكی ئێران دوپاتكردەوە و رایگەیاند، خەڵكی ئەو وڵاتە لە دۆخی خۆیان ناڕازین و لەسەرتاسەری وڵاتەكەیان خۆپیشاندان دەكەن و واشنتۆنیش پشتیوانی لە داواكاریەكانیان دەكات بۆ گەیشتن بە ئازادی.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوووەوە بۆ ماوەی یەك هەفتە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندان زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی گرتەوە و بە هۆیەوە باس لە كوژرانی زیاتر لە 200 خۆپیشاندەر و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار كەس دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group