دانوستاندن و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی دۆخی رۆژئاوا بەردەوامە

07/12/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، توركیا سودی لە ململانێی ئەمریكی و روسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا بینیوەو بەكاریدەهێنێت وەكو كارتێكی بەهێز بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی لە باكوری سوریا.
هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هەرێمی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، توركیا تائێستا پابەندی رێككەوتن نەبووە لەبارەی ئاگربەست و چەند بتوانێت هەوڵی داگیركردنی خاك دەدات ئەوەش بۆ داهاتووی خۆی بەگرنگی دەزانێت تاوەكو پێگەی خۆی جێگیر بكات و بەهێزبێت.
وتیشی: "لە داهاتوو بەهۆی دانوستان و لێكگەشتنەكان لەگەڵ ئەمریكی و روسەكان پابەند نەبوونی توركیا بە ئاگربەشت روندەبێتەوە، بەڵام توركیا لە ئێستادا سودی لەوە بینیوە كە ململانێی ئەمریكی و روسی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوسوریاش ئەوەش بووەتە دەستكەوتێك بۆ توركیاو وەكو كارتێك بەكاریدەهێنێت".
هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هەرێمی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا زیاتر دواو وتی: "شاندی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەكاتی سەردانی ئەمریكاو وڵاتانی دیكە هێرشەكانی توركیا و چەتەكانی هاوپەیمانی توركیا بەوڵاتان گەیاندووەو باسی لەوەكردووە كە تاڵانی و كوشتن و داگیركردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە وڵاتانی زلهێزو ئەوانەشی باسی دیموكراسی دەكەن یاخود رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەكو پێویست نەبووەو تەنانەت لە بۆردومانی رۆژانی رابردووی تل رەفعەت كە ژمارەیەك منداڵ بوونە قوربانی یونسێف هەوڵێستی وەكو پێویست نەبوو باسی لە بۆردومانەكە كردووە بەڵام ئاماژەی بەناوی توركیا نەكردووە".
 باسی لەوەشكرد، "توركیاو چەتەكانی هاوپەیمانی بۆیان گرنگە رێگای ئێم فۆڕ كە رێگایەكی نێودەوڵەتییە بكەن هەرچەندە ئەوە لە زیانی ئەمریكاو روسیایەو ئەوانیش دژی ئەوكارانە چونكە رێگەیەكی ستراتیژیەو ئەگەر داگیر بكرێت ناتوانرێت جوڵەی ئەو هێزانە ئەنجامبدرێت هاوكاری چەك و پێداویستی بگوازرێتەوە، بەڵام تائێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات رێگرییان لەو هەوڵانە كردووە".
راشیگەیاند، دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ روسیاو رژێمی سوریا لەسەر داوای رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وەكو هەوڵێكی سیاسی بەردەوامە نەوەك بەوشێوەی ساڵی 2011 بەڵكو بەشێوەی لێكگەشتن و هەوڵەكانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و خۆسەری رۆژئاواو باكوری سوریاش لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و رێكخراوەكان گفتوگۆو دانوستانی زیاتر دەكرێت لەداهاتوو. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group