پەرلەمانتارێك: پێویستە ژنێك بكرێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق چونكە پیاوی سەربەخۆ نەماوە

09/12/2019 عێراق

نەوا
عەبدوڵڵا خەربیت ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پێویستە ژنێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵبژێردرێت، بەمەرجێك كەسێكی سەربەخۆ بێت، چونكە دۆزینەوەی پیاوێكی سەربەخۆ قورسە.
ئەو پەرلەمانتارە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "گرنگترین شت كە ئێستا بیری لێبكەینەوە ئەوەیە ژنێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری بكەین نەك پیاوێك ئەو پۆستە وەربگرێت. بەڵام بەمەرجێك ئەو ژنە كەسێكی سەربەخۆ بێت و دوربێت لە هەر چالاكییەكی سیاسی لە رابردودا و داهاتوشدا".
عەبدوڵڵا خەربیت پێیوایە قورسە بۆ كەسێكی سەربەخۆ بگەڕێن لەناو پیاواندا، بەڵام دەتوانن لەناو ژناندا كەسێكی سەربەخۆ و لەهەمانكاتدا بەتوانا بدۆزنەوە.
زیاتر لە هەفتەیەكە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كشاندوەتەوە و لەئێستادا حكومەتەكەی بۆتە كاربەڕێكەر، دۆزینەوەی شوێنگرەوەشی تائێستا دیار نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group