كاركردنی 33 كۆمپانیای دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە هەرێم رادەگیرێت

21/01/2020

نەوا
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بڕیاری داخستن و راگرتنی كارو چالاكییەكانی 33 كۆمپانیای دەرمان و پێداویستی پزیشكی دەركرد.
راگەیاندنی وەزارەتەكە بڵاویكردەوە، دوای چەندین مانگ لە رەخساندنی هەل بۆ نوێكردنەوە و پابەندبونی كۆمپانیاكان بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ئاگاداركردنەوەیان، وەزارەت لە دووەمین قۆناغی چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكیدا، بڕیاری دا بە داخستن و لە كار راگرتنی 33 كۆمپانیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی و هەروەها نوسراوی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی.
هاوكات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، وەزارەتی تەندروستی (بەڕێوبەرایەتی كوالیتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، سەندیكای دەمانسازان، دامودەزگاكانی تەندروستی لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت) ئاگاداردەكاتەوە بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە، پاڵپشت بەو بڕیارەش هیچ كارو چالاكییەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا ئەنجامنادرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group