راهێنه‌ره‌كه‌ى پێشوى: توانای جه‌سته‌یی نه‌نكم له‌ فێرمینیۆ باشتربوو

24/02/2020 وەرزش

نه‌وا
ئێرنست تانەر بەڕێوەبەری پێشوی یانەی هۆڤنهایمی ئەڵمانی دەڵێت "توانای جەستەیی رۆبێرتۆ فێرمینیۆی بەڕازیلی هێرشبەری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە توانای جەستەیی نەنكم خراپتربو".
تانەر لە لێدوانێكدا سەبارەت بە ئەستێرە بەڕازیلیەكە بەتۆڕی میدیایی "لیڤەرپوڵ ئیكۆ"ی وتوە: لە ساڵی 2010 دا دووجار سەردانی بەڕازیلم كرد، ئاسان نەبوو لەوكاتەدا فێرمینیۆ بە باشی هەڵسەنگێنیت بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی سەرەكی یاری نەدەكرد.
وتیشی "لە ساتەوەختی یاریەكانی مۆندیالی 2010 بەهۆی زۆری یاریەكانەوە ئاسان نەبوو چاودێری ئەو یاریزانە بكەین، بەڵام لە دەرفەتێكدا راهێنانێكیمان بینی و دواتریش لەگەڵی دانیشتین".
راهینەرە ئەڵمانیەكە سەبارەت بە دانیشتنەكە دەڵێت "وتم ئەمە ئەو یاریزانەیە كە بۆ ئێمە گونجاوەو بیركردنەوەیەكی دروستی هەیەو سورە لەسەر فێربون و بەجدی هەوڵدەدات، ئەوەی لە كاتی راهێنانەكاندا بینیمان زۆر باشتربوو لەوەی لەكاتی یاریكردنەكانیدا بینیمان، بەڵام ئەنجامی توانای جەستەیی بەنەرێنی هاتەوە".
باس لەوەشدەكات، ئەنجامەكانی فێرمینیۆ پێش هاتنی بۆ هۆفنهایم خراپترین ئەنجام بوو لە پیشەگەرێكی تۆپی پێدا بینیبێتم، دڵنیاتاندەكەمەوە توانای جەستەیی زۆر لە توانای جەستەیی نەنكم خراپتربوو بەشێوەیەك باوەڕت نەدەكرد بتوانێت ببێتە یاریزانێكی پیشەگەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group