رایۆلا خەون بە گرێبەستێكی گەورەوە دەبینێت

19/03/2020 وەرزش

نەوا
مینۆ رایۆلا بریكاری زۆرێك لە یاریزانان رایگەیاند، پۆل پۆگبای فەرەنسی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بە دۆخی زەحمەتدا تێدەپەڕێت، لەبارەی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیش بۆچونی خۆی رادەگەیەنێت.
رایۆلا لەلێدوانێكدا، كە رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی بڵاویكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەكرد، پۆگبا دەیەوێت وەرزەكەی بەشێوەیەكی نایاب لەگەڵ مانچستەر یونایتد كۆتاییپێبهێنێت، هەروەك دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ تیمەكەی، لەكاتێكدا كە دەتوانن بگەنە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
وتیشی "ناتوانیت پێشبینی بكەیت لەئایندەدا چی رودەدات؟ بەتایبەتی لەمڕۆدا نازانین چی دەبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە تەركیزی لەگەڵ یانەكەی و تیمەكەی بێت، دواتر بزانین چی دەبێت و دەگەین بە چی؟".
هەروەها نەیشاردەوە، كە لەلایەن هەندێك یانەوە بایەخی زۆر بە یاریزانەكە دەدەن، بەڵام ساڵی رابردو گرێبەستەكە بە ئەنجام نەگەیشت.
لەبارەی هالاند ئەستێرەی لاوی بوروسیا دۆرتمۆندیش رایگەیاند، گەوهەرێكی زۆر بەنرخە، زۆرباشە دەیبینین لە یاریگادا و لە هەموو یارییەكدا پەرە بە تواناكانی دەدات، هیچ كەسێك نییە پێشبینی ئەو گونجاندنەی كردبێت بەو خێراییە لە بۆندزلیگا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەگەڵ تیمەكەیدا.
سەبارەت بە ریاڵ مەدریدیش، مینۆ رایۆلا دەڵێت "پەیوەندیم لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید زۆرباشە، ئومێدێكی گەورەم هەیە رۆژێك لە رۆژان گرێبەستی یاریزانێكی گەورەیان بۆ دەستبخەم، دەمەوێت گرێبەستێكی كۆتاییان بۆ دەستەبەربكەم و هەوڵدەدەم لەم هاوینەدا ئەو كارە جێبەجێ بكەن، ئەوەش جێی شانازیم دەبێت، چونكە ریاڵ مەدرید یانەیەكی گەورەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group