وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر: خەریكە بازرگانیكردن بەمرۆڤ تەشەنە دەسێنێت

26/03/2020

نەوا
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت "خەریكە بازرگانیكردن بەمرۆڤ تەشەنە دەسێنێت و ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێل دەیانوێست خەڵك بە قاچاخ ببەنە ناو هەولێر، بۆیە سەرنشینەكان نێردران بۆ پشكنین و شۆفێرەكانیش رادەست بە پۆلیس كران بۆئەوەی بدرێنە دادگا".
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەكانی هاتووچۆ و زێرەڤانی، لەسەر رێگای هەولێر-گوێر دوو ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەداگیرا، كە پڕبون لەعەرەبی دانیشتوی دەوروبەری گوێر، بەنیازبون بەقاچاغ  و بێ پشكنین بیانبەنە ناو هەولێر.
ئاماژەی بەوەشكردوە "لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ شوفێرەكان، وتویانە ئەوانە كرێكاری كۆمپانیان، بەڵام دواتر دەركەوت كرێكار نین، بۆیە سەرنشینەكان رەوانەی پشكنینی پزیشكی كران و شوفێرەكانیش رادەست بە پۆلیس كران بۆئەوەی بدرێنە دادگا".
فازڵ حاجی وتوشیەتی "ئێمە بەو جۆرە كەسانە و بە هەمووان رادەگەیەنین، كە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی و هەموو هێزە ئەمنیەكانی تر چاوكراوەن و بە بەردەوام لەسەر رێگاكانن، هەروەها پشكنین بۆ هەموو حاڵەتێكی گوماناوی دەكەن، بۆیە داواتان لێدەكەین هەوڵی تێكدانی ئاسایشی تەندروستیی هەرێم نەدەن، چونكە رێكاریەكان زۆر توندن لەو حاڵەتانە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group