ئاسایشی سلێمانی كەسێك دەستگیر دەكات بۆ گاڵتەپێكردن پەیوەندی بەهێڵی 122ی تەندروستی كردووە

26/03/2020

نەوا
ئاسایشی سلێمانی كەسێك دەستگیر دەكات كە بۆ گاڵتەپێكردن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 122ی تەندروستییەوە كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاندوە، پاش رەچاوكردن و ماندوبونی كارمەندانی هێڵی گەرمی تەندروستی هەرێم كە شەوو رۆژیان خستۆتە سەریەك  بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارەو بەدەنگەوەهاتنی ئەو هاووڵاتیانەی كە پەیوەندیان پێوەدەكەن و بە فریایان دەكەون، شەوی 24-3-2020 كەسێك بەناوی ( ا. ا. ح. ) لە دایكبووی 2003 دانیشتوی دوكان پیشە بێ كار پەیوەندی كردووە بە هێڵی گەرمی تەندروستی (122) وتوێتی من لە وڵاتی ئێران هاتومەتەوە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنام.
باس لەوەشكراوە، پاش بەدەنگەوەچونی كارمەندانی تەندروستی كەپەیوەندی پێوەدەكەنەوە هەمان كەس خۆی لێكردون بە ئافرەت، كارمەندانی تەندروستی بۆیان دەردەكەوێت كە كەسی ناوبراو بۆ گاڵتەپێكردن ئەم كارەی كردووە، پاشان لە لایەن هێڵی گەرمەوە ئاگاداری هێزەكانمان دەكرێتەوە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر كەسی ناوبراو دەستگیر دەكرێت بە ماددەی ( 2 )  لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی.
ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاندووە، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو دانی نا بەتاوانەكەیدا و پەشیمانی دەربڕی و داوای لێبوردنی كرد لە كارمەندانی تەندروستی و داوایكرد كە كەس ئەم كارە قێزەوەنە دووبارە نەكاتەوە چونكە ئەو كارمەندانە لە خزمەت هاووڵاتیاندان بۆ روبەڕوبونەوەو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە وە تۆمەتبارەكە روبەڕوی یاسا كرایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group