ئاسایشی سۆران لەبارەی دەستگیركردنی سێ هاووڵاتییەوە رونكردنەوە دەدات

پێش 1 هەفتە

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە رونكردنەوەیەكدا زانیاری لەبارەی دەستگیركردنی سێ ھاووڵاتی لە سنووری ناحیەی قەسرێ-ی باڵەكایەتی دەخاتەڕوو  رەتیدەكاتەوە بەهۆكاری سیاسی بێت.
لە روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران هاتووە: "دوێنێ شەو سێ هاووڵاتی دۆڵی باڵەیان سەر بە ناحیەی قەسرێ بەهۆی شكاندنی قەدەغەی هاتووچۆو هەروەها گواستنەوەی خەڵك بە قاچاخ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كران. جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆكارێكی دیكە بۆ دەستگیركردنی ئەم هاووڵاتیانە نەبووەو خودی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەش ئاگادارن و دەزانن ئەمانە بۆ دەستگیر كران، بەڵام بەداخەوە كەسانێك ئەم بابەتانە دەخەنە قاڵبێكی سیاسییەوە و رێگری لە جێبەجێكردنی یاسا دەكەن".
ئاسایشی سۆران ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەهۆی ئەو كێشەی خوڵقێندرا ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت ئەو سێ كەسە ئازاد كران، ئەوەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەم داوایەی ئاراستەی سەرۆكی حكومەت كردبوو".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "هێزەكانی ئاسایش یاسا و رێنماییەكان جێبەجێ دەكەن و هیچ جیاكارییەك لەم بوارەدا ناكەن. هیوادارین لەم دۆخە سەختەدا هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوكارمان بن تاكو یاسا و رێنماییەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group