فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ كرێنشینان راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

02/04/2020

نه‌وا
فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك سه‌باره‌ت به‌ كرێنشینان بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌، پشتیوانی ته‌واو له‌ هه‌نگاوی حكومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی یاسایی و كه‌مكردنه‌وه‌و به‌خشینی كرێی كرێنشینانی حكومی و هاووڵاتی.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و تێیدا هاتووه‌، وێڕای هیوای ساغ و سه‌لامه‌تی و پابه‌ندبوونی هه‌موولایه‌ك به‌ رێنمایه‌كانی ته‌ندروستی، وه‌ك ئاگادارن له‌گه‌ڵ ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌، باری سه‌رشانی خه‌ڵك و كاسبكاران و كرێنشینان قورستر بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و به‌تایبه‌ت كوتله‌ی وزاری پارتی له‌ حكومه‌ت، له‌ په‌یوه‌ندی و گفتوگۆ بووینه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی یاسایی و كه‌مكردنه‌وه‌و به‌خشینی كرێی كرێنشینانی حكومی و هاووڵاتی و هاوكاربوونی خه‌ڵكی كوردستان.
باس له‌وه‌شكراوه‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌و بابه‌ته‌ بۆته‌ بڕیارو لیژنه‌ی یاسایی حكومه‌ت راسپێردراوه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی بڕیاره‌كه‌، بۆیه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی ته‌واو له‌ هه‌نگاوی حكومه‌ت ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ریش پێویستی به‌ بڕیاری ته‌شریعی كرد، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌و بڕیاره‌و داواش له‌ ته‌واوی فراكسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین هاوكارو پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌بن كه‌، له‌م قۆناغه‌ خزمه‌تێكی باشه‌ به‌ كرێنشینانی كوردستان.
فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، فراكسیۆنی پارتی ده‌نگ و ره‌نگی داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌و له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی داواو ماف و خواسته‌كانتان ده‌كات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group