پەرلەمانتارێك رەخنە لە پشتیوانی بێ مەرجی لایەنە كوردیەكان لە مستەفا كازمی دەگرێت

10/04/2020
نەوا
پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای راگەیاندنی پشتگیری بێ مەرجی حزبە كوردییەكان لەمستەفا كازمی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران رایدەگەیەنێت هیوادارم خەڵك ئەمەیان لەبیربێت و ئەگەر لەئایندە كێشەیان لەگەڵ ناوبراو هەبوو ئەوەیان بیربخەنەوە.
لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هیوادارم خەڵكی كوردستان لە بیریان بێت كە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، حزبەكان، زۆرێك لە فراكسیۆنەكان بێ مەرج و دانوستان پشتیوانیی پێشوەختەی كازمیان راگەیاند.
هەروەها دەڵێت : ئەگەر لە ئایندەدا كێشەیان بۆ دروستبو بەتایبەت لەسەر موچە و بودجە، ئەمڕۆیان بیربخەنەوە كە چۆن بێ هیچ دانوستانێك ئاهەنگیان بۆ گێڕا!.
رۆژی پێنج شەممە مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپێردرا و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی پشتیوانی خۆیان بۆ راگەیاند.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group