"كۆمپانیای دیلۆیت بە پەلەپروزكێ‌ راپۆرتی نەوتیی 2019ی ئامادە كردووە"

05/05/2020

نەوا
پسپۆرێكی بواری نەوت دەڵێت: "یەكێك لە بژاردەكانی حكومەتی فیدراڵ ئەوەیە ئەو 383 ملیار دینارەی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن بیبڕن". هاوكات پسپۆری زانستە سیاسییەكان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم تا ئێستا لەسەر بنەمای رێككەوتنی حزبی كاریان كردووە".
نەوزادی موهەندیس پسپۆری بواری نەوت لەبەرنامەی ئاراستەی رادیۆی نەوا رەخنەی لە راپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 گرت و وتی: "كۆمپانیاكە بە پەلەپرزكێ‌ دوای 5 مانگ راپۆرتێكی ئامادەكردووە لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم بەناچاری لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەغدا و دەیەوێت نەوت رادەست بكات و لەبەرامبەردا بەشە موچە و بودجەی پێبدرێت".
وتیشی: "چەند بژاردەیەك لەبەردەستی حكومەتی عیراقدایە كە هەموومیان بەزیانی خەڵكن یەكێك لەوانە دەست بردنە بۆ موچەی فەرمانبەرانی عیراق و كەمكردنەوەی بە ڕێژەی لەسەدا 35 بۆ لەسەردا 50، هەروەها بژاردەیەكی تر ئەوەیە ئەو 383 ملیار دینارەی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن بیبڕن بۆئەوەی بۆ عیراق بگەڕێتەوە".
هاوكات د.حسامەدین گلی پسپۆری زانستە سیاسییەكان لەبەرنامەكەدا ئاماژەی بەوەدا كە "كابینەكانی پێشوی حكومەتی هەرێم نەیانتوانیوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا بە دەستوری و یاسایی بكەن و لە 2003وە تاوەكو ئێستا لەسەر بنەمای رێككەوتنی حزبی كاریان كردووە".
وتیشی: "دوای ماوەیەك ئەو رێككەوتنە حزبییانە هەڵوەشاونەتەوە و دواتر لە هەرێم وتویانە كە بەغدا موچە و بودجە دەبڕێت لەكاتێكدا بابەتەسەرەكییەكە ئەوەیە رێككەوتنێكی گشتگیرمان نییە لەگەڵ بەغدا".
ئەوەشیخستەروو كە "ئەگەری زۆرە لەم هەفتەیەدا هەردوو لا بگەنە رێككەوتن، بەڵام گرنگ ئەوەیە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی بێت". 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group