تیبۆ كۆرتوا: حەقە ریاڵ مەدرید ببێتە پاڵەوانی لالیگا نەك بەرشەلۆنە

پێش 3 هەفتە وەرزش

نەوا
تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی یانەی ریاڵ مەدرید داوا دەكات ئەگەر خولی لالیگای ئیسپانی پێشوەخت رابگیرێت و تەواو نەكرێت، نازناوی خولەكە بە یانەكەی بدرێت نەك بەرشەلۆنە.
بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە ململانێكانی لالیگا وەستێنراون، چاوەڕوان دەكرێت مانگی 6ی داهاتو دەستپێبكەنەوە، بەڵام كۆرتوا لەدیدارێكی تەلەفزیۆنی بەلجیكادا وتویەتی "ئێمە بە دوو خاڵ لە پشتەوەی بەرشەلۆنەین، ئەگەر بڕیاردرا وەرزەكە هەڵوەشێنرێتەوە و نازناوەكە بدرێت بە بەرشەلۆنە، ئەوا هیچ دادپەروەرییەكی تێدا نابێت".
كۆرتوا رونكردنەوەی زیاتری داوە لەبارەی بۆچونەكەی و وتویەتی "لە كلاسیكۆی یەكەمدا یەكسانبوین لەگەڵیاندا و دووەمیشمان بردەوە. بە روونی دەركەوت ئێمە لایەنی باشتر بوین لە هەردوو یارییەكەدا".
تائێستا 27 یاری خولی تۆپی پێی پلە یەكی ئیسپانیا بەڕێوەچوە، بەرشەلۆنە 58 خاڵی كۆكردۆتەوە، ریاڵ مەدرید 56 خاڵ، لە یەكەم كلاسیكۆدا لە كامپ نو بەبێ گۆڵ یەكسانبون، بەڵام لە یاری گەڕانەوەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریاڵی خاوەن یاریگا 2 گۆڵی بێوەڵامی تۆماركرد.
كۆرتوا پێیوایە دۆخی پرێمەرلیگی ئینگلیزی لە لالیگای ئیسپانی لەم وەرزەدا جیاوازەو دەڵێت "لەوێ لیڤەرپوڵ دۆخەكەی تەواو جیاوازە ئەگەر نازناوەكەی پێبدەن، چونكە تیمەكە بە جیاوازییەكی زۆر گەورە لە مانچستەر سیتی دووەمی ریزبەندی دوركەوتۆتەوە".
لە پرێمەرلیگدا 9 هەفتەی یارییەكانی خولەكە ماوە و لیڤەرپوڵ 82 خاڵی كۆكردۆتەوە و لە لوتكەدایە، بەڵام مانچستەر سیتی دووەم تەنها 57 خاڵی پێ كۆكراوەتەوە و زۆر لە یەكەمەوە دورە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group