وادەی دەستپێكردنەوەی خولە گەورەكانی ئەوروپا

30/05/2020 وەرزش

نەوا
لە پێنج خولە گەورەكەی تۆپی پێی ئەوروپا، عاشقانی یانەكانی چوار خولیان دەگەڕێنەوە نێو كەشوهەوای ململانێكان.
هەرچەندە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە خولی تۆپی پێی ئەڵمانی یارییەكانی دەستیپێكردوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنەبونی هاندەران كەشوهەوای پێشوی بۆ یاری و ركابەرییەكان نەگەڕاندۆتەوە.
سەرەڕای بۆندزلیگا، ئیتر عاشقانی تۆپی پێی ئینگلیزی و ئیسپانی و ئیتاڵی وادەی ئاساییبونەوەی خولەكانیان دەزانن.
ئینگلتەرا و 17ی حوزەیران
لەو رۆژەدا یارییەكانی پرێمەرلیگ بە فەرمی دەگەڕێنەوە و دوو یاری دواخراو بەڕێوەدەچن، كە بریتین لە: مانچستەر سیتی و ئەرسیناڵ، ئەستۆن ڤیڵا و شیفیڵد یونایتد.
رۆژی 20ی هەم مانگ گەڕی 30یەمین بەڕێوەدەچێت و گرنگترین یاریش لەو گەڕەدا بەریەككەوتنی لیڤەرپوڵ و ئیڤەرتۆن دەبینین.
بڕیاریشە لە 25ی تەمموزدا یارییەكانی پرێمەرلیگ كۆتاییان بێت و رۆژی 1ی ئاب-یش یاری كۆتایی جامی یەكێتیی ئینگلیزی ئەنجامدەدرێت.
ئیسپانیا و 11ی حوزەیران
لالیگای ئیسپانی لەو رۆژەدا روبەڕویونەوەی دێربی نێوان سیڤیلیە و ریاڵ بیتیس بەخۆیەوەدەبینێت.
هەر لە گەڕی 28دا ریاڵ مەدرید بەرانبەر ئیبار دەوەستێتەوە، بەرشەلۆنەش روبەڕوی مایۆركا دەبێتەوە.
ئومێدیش هەیە لە 19ی تەمموزدا لالیگا یاریەكانی تەواوببێت.
ئیتاڵیا و 20ی حوزەیران
ئیتاڵیا لەو وادەیەدا خولەكەی دەگەڕێتەوە و یەكەم یاری گەڕی 27یش یوڤانتۆس لەلایەن بۆلۆنیاوە میوانداری دەكرێت. لازیۆش بەرانبەر ئەتڵانتا دەوەستێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group