كۆمپانیای ئەپڵ بۆ ئایفۆن دزەكان: ئامێرەكە بگەڕێننەوە چونكە دواتان دەكەوین

04/06/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆمپانیای ئەپڵ هەڵگری مۆبایلە دزراوەكانی ئاگاداردەكاتەوە لەوەی دوایان دەكەوێت. داواشیان لێدەكات ئامێرەكە بگەڕێننەوە بۆ فرۆشگاكانی كۆمپانیاكە.
لە میانەی خۆپیشاندان و ئاژاوە و تاڵانیەكانی ئەمریكا بەهۆی كوشتنی جۆرج فلۆید، فرۆشگاكانی كۆمپانیای ئەپڵیش یەكێك بون لەو فرۆشگایانەی تاڵانكران و هەزاران ئامێر دزران.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، كۆمپانیای ئەپڵ لە رێگەی ناردنی نامەوە بۆ ئامێرە دزراوەكان، هەڵگری ئامێرەكانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی دوایان دەكەوێت. لە نامەكەدا هاتوە "تكایە ئامێرەكە بگەڕێنەرەوە بۆ فرۆشگای ئەپڵ لە شەقامی وۆڵنت ستریت.. ئامێرەكە لەكارخراوە و دوای دەكەوین و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ئاگاداردەكرێنەوە".


سەبارەت بەو نامەیەش، كۆمپانیای ئەپڵ رەتیكردوەتەوە هیچ لێدوانێك بدات و تەنها ئاماژەی بەوەداوە بابەتەكە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە هەیە.
لەماوەی رابردودا كۆمپانیای ئەپڵ ئەپلیكەیشنێكی لەسەر ئامێرەكانی لە فرۆشگاكاندا دابەزاندوە بۆ شوێنكەوتنی ئەو ئامێرانەی دەدزرێن، بەڵام ئەو ئامێرانەی دەفرۆشرێن ئەپلیكەیشنەكەیان لەسەر نییە.
لای خۆیشیەوە تیم كوك سەرۆكی كۆمپانیای ئەپڵ لەنامەیەكدا بۆ كارمەندەكانی، بابەتی كوشتنی جۆرج فلۆیدی بە "بێ مانا" وەسف كردوە و بەڵێنی ئەوەشی داوە هاوكاری گروپەكانی مافی مرۆڤ بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group