نه‌وا
یانه‌ی بایرن میونشن دوابه‌دوای سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یانه‌ی ڤێرده‌ربرێمه‌ن بووه پاڵه‌وانی بوندزلیگا و ستایشی راهێنه‌ر و ستافی یاریده‌ده‌ریشی ده‌كرێت له‌پای ئه‌و نازناوه مێژووییه‌ی بۆ یانه‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ركرد.
شه‌وی سێشه‌ممه 16-6-2020 له 32ه‌مین هه‌فته‌ی بوندزلیگا و له یاریگای ڤێسه‌ر، یانه باڤارییه‌كه بوه میوانی یانه‌ی ڤێرده‌ربرێمه‌ن و له خوله‌كی 43ی یارییه‌كه‌دا، رۆبێرت لێڤاندۆڤسكی گۆڵی تاقانه‌ی یارییه‌كه‌ی بۆ بایرن میونشن تۆماركرد، به‌و شێوه‌یه‌ش یانه‌كه‌یان خاڵه‌كانی وه‌رزی ئه‌مساڵی خوله‌كه‌ی گه‌یشته 76 خاڵ و بۆ جاری هه‌شته‌م یه‌ك له‌دوای یه‌ك و بۆ 30یه‌مین جار له مێژووی خۆیدا، نازناوی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كارل هاینز رومێنیگه سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری بایرن میونشن پیرۆزبایی له تیمه‌كه‌یان ده‌كات بۆ ئه‌و نازناوه مێژووییه و له پاش یارییه‌كه وتی "پیرۆزبایی له تیمه‌كه‌مان و هانز فلیك-ی راهێنه‌ر و ستافی راهێنه‌رایه‌تی هاوكاری ده‌كه‌م، كه ئه‌و نازناوه‌ی خولی ئه‌ڵمانیایان له‌م دۆخه تایبه‌ته نه‌خوازراوه‌دا به‌ده‌ستهێنا".
ماوه‌یه‌كی زۆر بو به‌هۆی كۆرۆناوه یارییه‌كانی بوندزلیگا راوه‌ستابون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانز فلیك له پاش دورخستنه‌وه‌ی نیكۆ كۆڤاچ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی بایرنی وه‌رگرتبو، هه‌ربۆیه ره‌وشێكی نائاسایی ده‌وری راهێنه‌ری نوێی دا، به‌ڵام وه‌ك رومێنیگه ده‌ڵێت "له نیوه‌ی دووه‌می وه‌رزی ئه‌مساڵدا نمایشی نایابی هه‌بو بایرن میونشن، نه‌ك ته‌نها له رووی سه‌ركه‌وتن و خاڵ و گۆڵ تۆماركردنه‌وه، به‌ڵكو له رووی ئه‌داوه به هه‌مان شێوه نایاب بو".