په‌رله‌مان دانیشتنێك له‌سه‌ر هێرشه‌كانی توركیا و ئێران ئه‌نجام ده‌دات

05/07/2020

نه‌وا
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوش و گوزەرانی ھاووڵاتیان، سەردانی ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای ھەولێریان كرد، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، ئەم بابەتە زۆر گرینگە، چونكە پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی ئەمنیەتی ھاووڵاتیانەوە.
رێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە سێ لیژنەی راسپێردراون بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بۆردوومانەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، ئێمە ئەمڕۆ سەردانی سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەرانمان كردووە و لە نزیكەوە خەڵكی ناوچەكەمان بینی بۆ بەرزكردنەوەی داواكارییەكانیان بۆ پەرلەمانی كوردستان، خەڵكی ناوچەكەش داوادەكەن ئەو ھێزە كوردییانە سنوورەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە ئەوان ھۆكارن بۆ بۆردوومانەكان، بە تایبەتی ھێزە چەكدارەكانی پەكەكە".
بابكەیی ئاماژەی بەوەش دا: "دوای وەرگرتنی راسپاردە و پێشنیازەكانی گوندنشیان، ئێمە لە پەرلەمان دانیشتنێكی فەرمیی ئاسایی ئەنجام دەدەین و داخوازیی گوندنشینان دەخەینەڕوو ، ھەوڵیش دەدەین لەسەر راسپاردەكان داوا لە حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق بكەین ئەم كێشەیە چارە بكەن".
ناوبراو ھەروەھا وتیشی : "لێكۆڵینەوە لە ھەموو ئەو زەرەر و زیانانە دەكەین كە بەر خەڵكی ئێمە كەوتووە، بە داخەوە بە هۆی بۆردوومان و تۆپبارانیشەوە خەڵكێكی زۆر بووەتە قوربانی و زیانیان پێگەیشتووە، هۆكارەكەش بوونی ھێزە چەكدارەكانە لە ناوچە سنوورییەكان". دەشڵێ:" لە دوای لێكۆڵینەوە لە ھەموو راپۆرتەكانی لیژنەكان، ئەوكات داوا لە حكوومەتی عێراق و توركیا و ئێران دەكەین، كە قەرەبووی ماددی و مرۆیی ئەم خەڵكە بكرێتەوە، چونكە زەرەرمەندی سەرەكی لە بۆردوومانەكان، خەڵكی ئێمەیە".
جەختی لەوەش كردەوە، كە دواتر سەردانی سنووری ناحیەی سیدەكان و قەزای مێرگەسۆر دەكەن بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group