سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری قەدەغەكردنی "تیك تۆك" واژۆ دەكات

01/08/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد، بڕیارنامەیەك بۆ قەدەغەكردنی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیك تۆك) واژۆ دەكەن.
ترامپ، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە ویلایەتی فلۆریدا-وە بۆ واشنتۆن و لە ناو فڕۆكەدا بۆ رۆژنامەنوسان جەختی لەوە كردەوە ماوەیەكی زۆرە بیر لە گرتنەبەری رێوشوێن دژی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیك تۆك) دەكاتەوە و وتی "تیك تۆك لە ئەمریكا قەدەغە دەكەین".
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی وەبیرهێنایەوە، لە ئێستادا دەسەڵاتی ئابوری دۆخی لە ناكاوی پێدراوە و بۆ قەدەغەكردنی (تیك تۆك)یش یان پەنا دەباتەبەر بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتە یاخود بڕیارنامەیەكی سەرۆكایەتی لەسەر واژۆ دەكات.
پێشبینیش دەكرێت ئەمڕۆ 1ی ئاب ئەو بڕیارە بكرێتە فەرمی.

لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیش ئاشكرایكردوە، كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمریكی لەگەڵ كۆمپانیای "بایت دانس"ی چینی لە گفتوگۆدایە بۆ كڕینی (تیك تۆك)، بەڵام ئەوە ئاشكرانەكراوە، كە گفتوگۆكان لە چ قۆناغێكدان.
باس لەوەش كراوە ئەو گفتوگۆیانە دوای لێدوانەكەی دۆناڵد ترامپ لە بارەی قەدەغەكردنی (تیك تۆك) هاتونەتەئاراوە.
تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیك تۆك) لە جیهاندا نزیكەی 800 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە و بانگەشەی ئەوەش دەكرێت زانیاری بەكارهێنەرەكانی دەداتە حكومەتی چین. زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە (تیك تۆك) هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دروستكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group