تەندروستیی جیهانی: زیادبونی توشبوانی كۆرۆنا لە عیراق و چەند وڵاتێكی دیكە جێی نیگەرانییە

16/09/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەد مونزری بەڕێوەبەری هەرێمیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدات لەوەی كۆرۆنا لە ناوچەكەدا كاریگەری دابینكردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكانی كەمكردوەتەوە، وەك لە عیراق و چەند وڵاتێكی تر ئێستا دەبینرێت.
ئەحمەد مونزری رایگەیاندوە، بەهۆی سەرقاڵبون بە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، خزمەتگوزاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بوە، وەك پێشكەشكردنی چارەسەر بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و خزمەتگوزاری منداڵبون و تەندروستی ددانەكان و چەندین جۆری دیكەی خزمەتگوزاری.
وتیشی "زیادبونی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە ناوچەكەدا بوەتەجێی نیگەرانی، عیراق، تونس، مەغریب و ئیمارات لەو وڵاتانەن، كە ژمارەكە تێیاندا بەرزبوەتەوە، چونكە رێوشوێنەكانی داخستن تاڕادەیەك ئاساییكراونەتەوە".
هەروەها ئەوەی رونكردوەتەوە، زیادبونی ژمارەی توشبوان لەو وڵاتانەدا جێی نیگەرانییە و ئەوە پیشان دەدات، كە پێویستە رێوشوێنی خێرا و توند بگیرێتەبەر، زیادبونی ژمارەی توشبوانیش جێی سورسوڕمان نەبو بەڵكو پێشبینیكراوبوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group