داوای راگرتنی بڕیارێك له‌ باره‌ی به‌ستنی پێوه‌ری ئاو ده‌كرێت

20/09/2020

نه‌وا
بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم، لەم مانگەوە هەر ماڵ و شوێنێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت بڕی 100 تاوەكو 250 هەزار دینار غەرامە دەكرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش ڕایدەگەیەنێت، پێویسته‌ بڕیاره‌كه‌ تا باش بوونی دۆخی دارایی رابگیرێت.
بەپێی ڕێنماییەكی وەزارەتی شارەوانی هەرێم، هەر ماڵێك یان شوێنێكی نیشتەجێبوون یان پەرستگایەك پێوەری ئاوی نەبەستبێت بڕی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت و دوای 3 مانگ ئەگەر هەر نەیبەست بڕەكە دەبێتە 200 هەزار و بۆ فەرمانگەكان و كەرتی تایبەت و بازرگانی بڕی غەرامەكە زیاترە و زۆرترین غەرامەش بۆ شووشتنگە دیاری كراوە، كە 250 هەزار دینارە و دوای 3 مانگ دەبێتە 450 هەزار دینار.
ئازاد محەمەدئه‌مین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند، بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ غەرامەكردن بە بڕی 100 هەزار دینار بۆ ئەوانەی، كە پێوەری ئاویان نەبەستووە لەگەڵ باروگوزەرانی هاووڵاتیان و ئەو مووچەیە ناگونجێت، كە حكومەت دابەشی دەكات.
وتیشی، ناكرێت حكومەت ئەركەكانی خۆی وەكو پێویست جێبەجێ نەكات و بڕیاری لەو جۆرەش دەربكات، كە بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروست دەكات، چونكە حكومەت نەیتوانیوە ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.
راشیگه‌یاند، كە پێشنیاز دەكەین ئەو بڕیارە ڕابگیرێت تاوەكو ئەو كاتەی دۆخی دارایی هاوولاتیان باش دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group