ئاسایشی سلێمانی: باندێكی فریودانی هاووڵاتیان دەستگیركران

29/09/2020

نەوا
ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردەوە، باندێكی هەڵخەڵەتاندن و فریودانیان دەستگیركردوە، كە ئافرەتیشیان لەناودایە و لە رێگەیانەوە چەند كەسێكیان فریوداوە و دواتر ماڵەكانیان تاڵانكردون.
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵ و كەرامەتی هاووڵاتیان و روبەڕوبونەوەی هەرجۆرە كارێكی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و ئەنجامدانی كاری نایاسی و تێكدانی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لە رۆژی 20ی ئەیلول لەچالاكییەكدا پێنج تۆمەتبار دەستگیربكەن.
ئەوەش هاتوە، دەستگیركردنەكە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی بوە و ئەو كەسانەی دەستگیركراون لەدایكبوی ساڵەكانی 1986، 1988، 1990 رەگەزی نێر و 1990 و 1995 رەگەزی مێ بون، هەستاون بە فریودانی چەند كەسێك و دواتر ماڵەكانیان تاڵانكردون و پارەو چەك و ئاڵتونیان لێ دزیون، لەهەندێك تاواندا لەرێگەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەوە دەستی چەند كەسێكیان بڕیوە و لەهەمانكاتدا مامەڵەیان بەشوێنەواری بەنرخ و گرانبەهاو مێژووییەوە كردوە.
ئاسایشی سلێمانی تەئكیددەكاتەوە، لەكاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵەكانیان، بە فەرمانی دادوەر چەندین پارچە چەك و زێڕ و بڕە پارەیان پێگیراوە، كەبریتین لە "یەك چەكی ئێم فۆر، یەك دەمانچە و بڕی 2650 درهەمی ئیماراتی"، سەرجەمیشیان دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە و روبەڕوی یاسا كراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group