ناوەڕۆكی كۆبونەوەی عەلی زەیدی و عەباس عراقچی بڵاوكرایەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیكرد لە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەیەكدا باسیان لە رێككەوتنی ئەم دواییەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كردوە كە بەپێی ئەو رێككەوتنە كۆتایی بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات هێنراوە، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەری و یەكگرتوویی و سەلامەتی خاكی وڵاتان تاوتوێ كراون.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردوەتەوە كە عیراق كۆتاییهێنان بە شەڕو پەسەندكردنی دیالۆگ و دانوستانەكان بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا لە پێشینەی كارەكانی دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی دەرفەتی گەشەپێدان بۆ گەلانی دراوسێ.
لای خۆشیەوە عراقچی پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ عیراق و كارو هەماهەنگی هاوبەش بۆ پتەوكردنی پەیوەندی و هاوكاری دوو قۆڵی دوپاتكردوەتەوەو هەڵوێستی ئێرانی بۆ دروستكردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەمو وڵاتانی ناوچەیی و وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دوپات كردوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group