مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێم بڵاوکرایه‌وه‌

30/09/2020

نه‌وا
وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
له‌مه‌رجه‌كاندا هاتووه‌، دەبێت ئۆتۆمبێل لانیکەم دوو ئێرباک لای شۆفێر و تەنیشت شۆفێر و سیستمی ABS ی هەبێت و ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتریش کاتێک دەگاتە دەروازە سنوورییەکان دەبێت لە 100 کیلۆمەتر زیاتر نەڕۆیشتبێت.
 
مەرجەکان:
یەکەم: ئۆتۆمبێل دەبێت بەلایەنی کەم دو ئێرباک لای شۆفێر و تەنیشت شۆفێر و سیستمی ABSی هەبێت.
 
دوەم: بڕوانامەی COC لەگەڵدا بێت، دەکرێت لە دەروازە سنوورییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی کوالێتی بڕوانامەی COCی پێبدرێت.
 
سێیەم: ئۆتۆمبێلی جۆری پاس لە 14 سەرنشین بەرەو سەرەوە مەرج نییە ئێرباگی هەبێت.
 
چوارەم: ئۆتۆمبێلی کلاسیک دەبێت بەلایەنی کەمەوە 40 ساڵ بەسەر دروستکردنی تێپەڕبوبێت و دوای تۆمارکردنی هیچ کڕین و فرۆشتنی پێوە ناکرێت.
 
پێنجەم: هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابوری دەبێت و کار بە هیچ نوسراوێک ناکرێت کە بە واژۆی وەزیری ناوخۆ نەبێت.
 
شەشەم: هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی قەڵغان درع تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە.
 
حەوتەم: ئۆتۆمبێلی کارەبا رسوماتی چوار پستۆن تۆماردەکرێت.
 
هەشتەم: ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی و بیناسازی مەرج نییە ئێرباگی هەبێت.
 
نۆیەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێندرێنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە ژمارەی میری تۆماردەکرێن و ناکرێت خاوەنداریێتی بگوازێتەوە جگە لە لەوانەی کە بەپێی یاسای ژمارە 32ی ساڵی 1986 دەفرۆشرێت، یان هەر یاسایەکی دیکە جێگای ئەو یاسایە بگرێتەوە.
 
دەیەم: ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر دەبێت لە 100 کیلۆمەتر زیاتر نەڕۆیشتبێت کاتێک دەگاتە دەروازە سنوورییەکان.
 
یازدەیەم: ئۆتۆمبێلی ستێرن لایی راست یان محور داخڵ ناکرێت و تۆمارناکرێت.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتودا لە ماددەی شەشەمی نوسراوەکەدا هاتوە، کە دەبێت ئەم کەموکوڕیانەی خوارەوەی نەبێت.
 
یەکەم: ژێرئاوکەوتو و سوتاو بڕاوە نەبێت.
 
دوەم: سایدی بڕاوە یان لە حیمکراو یان خوار نەبێت.
 
سێیەم: تۆکمەی دەرگا یان بانی بڕاوە یان لە حیم نەبێت، یان لێدراو نەبێت بەشێوەیەک کە کاری کردبێت لە شاسی و خواری کردبێت یان ئێرباگی تەقاندبێت.
 
چوارەم: هەردو ئێرباگی شۆفێر و تەنیش شۆفێر لە سیستمی کۆمپانیای دروستکەر کار بکات و تووشی تەقین نەبوبێت و چاککرابێتەوە.
 
پێنجەم: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە 1-1-2020 داخڵ کراون و ئێرباگیان تەقیوە، بەڵام چاککراوەتەوە داخڵ دەکرن و تۆماردەکرێن تاوەکو 31-12-2020 و دوای ئەم بەروارە بڕگەی 4ی سەرەوە جێبەجێدەکرێت. 
 
لە ماددەی یازدەیەم لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر کۆمپانیاکانی پشکنینی کوالیتی پابەندنەبن بە رێنماییەکان سزای پێبژاردن دەدرێت بەمشیوەیە:
 
1. جاری یەکەم پێنج ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک
 
2. جاری دوەم دە ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک. 
 
3. جاری سێیەم 30 ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک. 
 
4. جارێکی دیکە دوبارە ببێتەوە 20 ملیۆن دینار دەخرێتە سەر دوای سزای پێشوتری کە دراوە بە هەر ئۆتۆمبێلێک.
 
ئەم رێنماییانە لە رۆژی دەرچونییەوە 28-09-2020 جێبەجێ دەکرێن و کار بە هیچ رێنماییەکی دیکە ناکرێت، ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە لە دوای 1-1-2020 هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون لە رێگەی دەروازە سنورییەکان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group