ناتانیاهو بەهۆی یاسایەكی پەرلەمانەوە لە خۆپیشاندانی هەفتانە رزگاری دەبێت

پێش 4 هەفتە جیهان
نەوا
پەرلەمانی ئیسرائیل، پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد كە بە درێژایی ماوەی كەرەنتینە خۆپیشاندان سنوردار دەكات و بەوەش خۆپیشاندانەكان دژ بە بنیامین ناتانیاهو سنوردار دەبن.
پەرلەمانی ئیسرائیل ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند كرد، كە ئامادەكراوە بۆ سنورداركردنی خۆپیشاندانەكان بە درێژایی ماوەی كەرەنتینە و لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیراوەتەبەر.
بەو پرۆژە یاسایە، كە كاتەكانی بەیانی ئەمڕۆ پەسەند كرا، بە درێژایی ماوەی كەرەنتینە خەڵك دەتوانن زۆرترین تا یەك كیلۆمەتر لە دووری ماڵەكانیانەوە بەشداری لە خۆپیشانداندا بكەن.
بەو بڕیارە رێگە لە بەشداری ئەو كەسانە دەگیرێت كە لە دەرەوەی شارن یان لە ناوچە دوورەكانی شارەكەن لەو خۆپیشاندانانەی زیاتر لە چوار مانگە لەبەردەم بینای سەرۆكایەتی وەزیران هەفتانە دژبە بنیامین ناتانیاهو سازدەكرێن.
لای خۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل كاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەكە نیشان دا و باسی لەوە كرد سنوورداركردنی خۆپیشاندانەكان زیانی بە دیموكراسیی وڵات داوە و بە بیانووی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەكانی ناتانیاهو دەكات.
بەهۆی بوونی دۆسیەی گەندەڵی لەسەری ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە ئیسرائیل خۆپیشاندان دژبە ناتانیاهو سازدەكرێت و داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group