ژنە ئاسنینەكەی یانەی بایرن میونشن كێیە؟

18/11/2020 وەرزش

نەوا
كاسلین كروگەر، ئەو ژنەی كەم كەس ناویان بیستوە، بەڵام بە عەقڵی هەڵسوڕێنەری یانەی بایرن میونشن بەتایبەتی تیمی تۆپی پێی پیاوان لە قەڵەم دەدرێت و بەهۆكاری سەرەكی بردنەوەی نازناوەكان دادەنرێت.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، كاسلین كروگەر بەڕێوەبەری تیمی یەكەمی بایرن میونشنە و لەلایەن یاریزان و سەرۆكەكان و راهێنەرانی تیمەكانی یانەكەوە رێزێكی زۆری لێدەگیرێت، هەمیشە لەسەر كورسی یەدەگ دانیشتوە و زومی كامێراكان زۆر تەركیزی ناخەنەسەر.
بەپێی راپۆرتەكە، هانز فلیكی راهێنەری بایرن میونشن وەك سەركردەیەكی راستەقینەی تیمەكە تەماشای كاسلین دەكات، هەربۆیە ئەو ژنە ئاسنینە كۆنترۆڵی هەموو شتێكی تیمی پیاوانی یانەكەی كردوە.
كاسلین كروگەر لەساڵی 2003ەوە، كە تەمەنی 18 ساڵ بوە، لە تیمی تۆپی پێی ژنانی بایرن دەستی بە یاریكردن كردوە، دوای 6 ساڵ وازیهێناوە و خۆی بۆ كاری كارگێڕیی تەرخانكردوە، پاشان پۆستێكی ئیداریی لە تیمی ژنانی یانەكە وەرگرتوە.
بەپێی هەمان ئەو راپۆرتە، لەساڵی 2009دا، ئۆلی هۆنیس سەرۆكی ئەوكاتەی یانە باڤارییەكە بانگهێشتی كردوە و كردویەتی بە یاریدەدەری كریستیان نیرلینگەر بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە، لەماوەی چەند ساڵێكدا پلەكانی لە یانەكە بڕیوە و بوە بە بەڕێوەبەر.
راپۆرتەكە نوسیویەتی "كاسلین خۆی سەرپەرشتی هەموو شتێكی یانەكە دەكات، هەر لە گەشتەكان، راهێنان، ئاسایش، تەندروستی، چاودێری، بازاڕكردن، نەخۆشخانەكان، ژوری خۆگۆڕین، راگەیاندن و كۆنگرە رۆژنامەوانیەكان تا دەگاتە خواردنی یانەكەش، هەروەها چاودێری پەیوەندی یانەكە دەكات، خاڵی گەیاندنی راهێنەر و تیمی پزیشكییە بە یەكتر، ساڵانەش موچەی كاسلین 200 هەزار یورۆیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group